لە چەمچەماڵ بڵندگۆی ژنان دەکوژێندرێتەوە

+964

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

لەچوارچێوەی هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بڕیارە لە پێنج شاری کوردستان بڵنگۆ دابنرێت، تا لەوێوەوە پەیام لە دژی توندوتیژی بەرانبەر ژنان بڵاوبکرێتەوە، بەڵام چالاکوانانی ئەم پڕۆژەیە دەڵێن لە چەمچەماڵ ئاستەنگیان بۆ دروستکراوە و بڵندگۆکانیان لێ کوژێندراوەتەوە.

 ئەمڕۆ ٢٠ی کانونی دوەمی ٢٠٢٢، لە هەریەکە لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، رانیە و چەمچەماڵ دەستکراوە بە بڵاوکردنەوەی پەیام لە رێگەی بڵندگۆوە، لە پەیامەکە کچێک بە شێوەیەکی هونەری سەبارەت بەتوندوتیژی بەرانبەر ژنان پەیامێک دەخوێنێتەوە.

تارا عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە +964ی وت، “بەداخەوە لە چەندین شوێن ئاستەنگمان بۆ دروستکراوە، ویستمان لە شاری چەمچەماڵ بڵندگۆ دابنێین، بەڵام تەنیا لە دوو شوێن مۆڵەتمان پێدراوە، لەو دوو شوێنەش، یەکیان کوژێندرابووەوە ئەوەی تریش کز کرابوو، هۆکارەکەی کاردانەوەی هاوڵاتیان و ناڕەزایی خاوەنی بیناکان بوو”.

سەبارەت بەو ئاستەنگانەی ئەو چالاکوانانە باسی دەکەن، حاکم رەمک رەمەزان، قایممقامی چەمچەماڵ بۆ +964 دەڵێت، “هەفتەی پێشوو، تارا عەبدوڵا، چالاکوانی ژنان و هاوڕێکانی بە یاوەری نوسینگەی توندوتیژی خێزانیی چەمچەماڵ هاتن بۆ قایمقامیەت، ئەوان تەنیا دوو شوێنیان دەستنیشان کردبوو، هیچ کێشە و گرفتێک نەبوو، چونکە هێزم بۆ پاراستنیان ناردبوو”.

قایممقامی چەمچەماڵ وتیشی، “ئێمە ئاگادارنین لە چەمچەماڵ بڵندگۆکان کوژابێتەوە، تاراخان و هاوڕێکانی ئێمەیان ئاگادارنەکردووەتەوە لە هەر کێشە و گرفتێک”. بە قسەی ئامادەکارانی ئەم پڕۆژەیە، وا بڕیارە رۆژانە سێجار و لە سێ کاتی جیاواز یەک پەیامی هاوبەش، کە ناوەڕۆکەکەی باسی روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بە دەنگی کچێک بخوێندرێتەوە.