تەنیا لەماوەی دوو رۆژدا
زیاتر لە هەزار تۆن پاشماوەی خانوو لە شەقامێکی هەولێر هەڵگیراوەتەوە
964+
فەهمی نەبی
شارەوانی هەولێر هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ پاککردنەوەی شەقامی کۆرنیشی هەولێر، بەپێی وتەی ژینگەپارێزی هەولێر لەماوەی دوو رۆژی هەڵمەتەکە هەزار و 170 تۆن زبڵ و پاشماوەی کەرەستەی خانوو لەو شەقامە هەڵگیراوەتەوە.
شەقامی کۆرنیش دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر، قەزای بنەسڵاوە بە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دەگەیەنێت، ماوەی چەند ساڵێکە هاوڵاتیان پاشماوەی کەرەستەی خانوو لە قەراخی ئەو شەقامە فڕێ دەدەن.
چەند رۆژێکە شارەوانی هەولێر لەگەڵ تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر ئەو هەڵمەتەیان دەستپێکردووە، دەیان بارهەڵگر و شۆفڵ رۆژانە خەریکی پاککردنەوەی قەراخی شەقامەکەن.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بۆ 964 وتی، ساڵانێکی زۆرە خەڵک زبڵ و پاشماوەی خانوو لەو شەقامە فڕێدەدەن، کۆتایی پێهێنانی زەحمەتە، بۆیە دەبێت ئەو هەڵمەتە ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر ئەوەش دەڵێت، لەماوەی ئەو چەند رۆژە هەزار و 170 تۆن پاشماوەی کەرەستەی خانوو لەگەڵ زبڵ لەو شەقامە هەڵگیراوەتەوە، کاتێکی زۆرتری دەوێت تا بەتەواوی پاکدەکرێتەوە.