گامێش کەمە و نرخی ماستەکەشی زۆرە

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

گامێشەکانی ناوچەی خەلەکان لە سنووری قەزای دوکان، مەترسی کەمبوونەوەیان لەسەرە، بە جۆرێک لە کۆی گامێشی پێنج گوند تەنیا 150 دانه‌ ماونەتەوە، حكومه‌تیش هیچ پێویستییەکی کشتوکاڵی دابین ناکات، ئةمةش بە قسەی خاوەن گامێشەکان.

محەمەد عەلی، کە خاوەن گامێشە و لە ھەمان کاتدا بەرھەمی ماست دەخاتە بازاڕەوە، لە گوندی کانی وەتمان بە 964ی وت، “ژمارەی ئەو گامێشانەی ئێستا لە سنوورەکەدا ماونەتەوە 120 گامێشە، بەھۆی ئەوەی (کا، گەنم و عەلەف) گران بووه‌، خەڵک نەیانتوانی وەک پێویست خەرجی رۆژانەی گامێشەکان دابین بکه‌ن، پێشتر یەک کیلۆ عەلەف بە 150 دینار بوو ئێستا یەک کیلۆی بە 800 دینارە”.

“ئێستا لە لایەن حکومەتەوە ھیچ پێویستییەکی کشتوکاڵیمان پێ نادرێت، دەبێت خاوەن گامێشەکان خۆیان بچن عەلەف بکڕن، ھەر خۆیشی دکتۆر بھێنێ و کەرەستەی تەندروستی بکڕێ کاتێک نەخۆش دەبن، یان بریندار دەبن.” محه‌مه‌د عه‌لی واده‌ڵێت.

گامێشی کوردی وا ناسراوە کە ماستەکەی توندە، دەبێت لە ناوچەیەک بێت کە ئاودار بێت و خاوەن چەم بێت، ئەگەر کەشوھەوا گەرم بوو رۆژانە لە کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی بۆ کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ دەچنە نێو گۆل و چەمەکان.

له‌ گوندەکانی (کانی ماران، سەروچاوە، دەربەندە، قەمتەران و گرجان) گامێش به‌خێو ده‌كرێن، کە نابێت ئەو ناوچەش بەردی ھەبێت یان ھەوراز بێت.

بە پێی قەبارەی گەورەی و بچووکی، گامێش رۆژانه‌ لە نێوان شەش بۆ حەوت کیلۆ ماست لە شیرەکەی بەرھەم دەھێنرێت، ھەروەھا بۆ قەیماغ و کەره‌ش سوود لە شیرەکەی وه‌رده‌گیرێت.

محەمەد عەلی وتی، “ئەو گامێشانەی تەمەنیان بچوکە رۆژانه‌ دەتوانن سێ کیلۆ ماستیان لێ بەرھەم بھێنرێت، بەڵام ئەو گامێشانەی تەمەنیان گەورەیە چوار بۆ پێنج کیلۆ ماست بەرھەم دەھێنن کە رۆژانەی بەرھەمی ھەریەکێکیشان جیاوازە”.

محەمەد نیگەرانە لەوەی، ھیچ دەزگه‌ و رێکخراوێک ھاوکارییان ناکەن، دەڵێت، “ئەمە وای کردووە ژمارەی گامێشه‌كان بەرەو کەمبوونەوە بچێت و مەترسی نەمانیان ھەیە، باشتر وایە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ کارئاسانی بکەن لەدابینکردنی عەلەف و ئالیک بۆ گامێشەکان، بڕێکی تێچووەکە بە دابینکردنی لە ئەستۆ بگرن”.

باشتر وایە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ کارئاسانی بکەن لەدابینکردنی عەلەف و ئالیک بۆ گامێشەکان

یەکێک لە ھۆکارەکانی دیکەی کەمبوونەوەی گامێش، بوونی وشکەساڵییە لەو ناوچانەدا، لە کاتێکدا ئەو خێزانانەی سەرقاڵی بەخێوکردنیانن، داھاتیان کەمبووه‌تەوە و توانای دابینکردنی خەرجی ئەو گامێشانەیان نییە.

ھەڵگورد ئەحمەد، کە خاوەن فرۆشگه‌ی برایانه‌ بۆ ماست لە کانی وەتمان، ماوەی 42 ساڵە لە باوکیانەوە کاری ماستفرۆشیان بۆ ماوەتەوە، بە وتەی خۆی ئەوان کۆنترین خانەوادەن ئەو کارەیان کردووە لە ناوچەکەدا.

ئەو بە 964+ وت، “ئێستا ماستی گامێش لە ھەر چوار وەرزەکەی ساڵ و تایبەت وەرزی زستان ھەیە، ئێمە بە دوو بڕی جیاواز ماستەکە دەفرۆشین، سەتڵی چوار کیلۆ و نیو بە 16 هەزار دینار، ھەروەھا سەتڵی دوو کیلۆیی بە ھەشت ھەزار دینار”.

بەھۆی ماستی کارگە و کۆمپانیاکانی بواری شیرەمەنی، چەند جۆری جیاوازی ماستی گامێش لە ناو بازاڕدا دەفرۆشرێن، ھەڵگورد دەڵێت، “ئەو ھۆکارە وایکردووە خەڵک یان کڕیارانی ماست متمانەیان بە تەندروستی و خۆماڵیبوونی ماست نەمێنێت”.

بەھۆی ماستی کارگە و کۆمپانیاکانی بواری شیرەمەنی، چەند جۆری جیاوازی ماستی گامێش لە ناو بازاڕدا دەفرۆشرێن

ماستی مەڕ، بزن، مانگا و گامێش لە فرۆشگەکانی کانی وەتمان دەفرۆشرێ، بەڵام بەھۆی خه‌ستیی ماستەکە و نەبوونی ئاو تێیدا و خواست لەسەر ماستی شیرین، رێبوارانێکی زۆر لەم فرۆشگه‌یانە ماستی گامێش لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە.

گوندی کانی وەتمان، کەوتووه‌تە باکووری شاره‌دێی خەلەکان لە قەزای دوکان، بەھۆی گرنگی رێگه‌ی ھاتوچۆ و تێپەربوونی بە نێو گوندەکەدا، هه‌روه‌ها بەستنەوەی پارێزگای سلێمانی بە ھەولێر، وایکردووە خەڵک لە ناوچەکانی ھەولێر، سلێمانی، رانیە سەردانی ئەو فرۆشگه‌یانە بکەن، كه‌ بە وتەی خاوەن فرۆشگەی برایان، ئەوان رۆژانە 15 بۆ 20 سەتڵ لە ماستی گامێش دەفرۆشن.