یەکێک لە جۆرەکانی تەماتەی بەرهەمهێنراوی قەزای سۆران. وێنە:964
بەرهەمی ناوخۆیی نرخەکەی بەرز دەبێتەوە
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قەدەغەی سێ بەرهەم بۆ هەرێم راگەیاند
964+
فەهمی نەبی
وەزیری کشتوکاڵی هەرێم نوسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی بڵاوکردوەتەوە کە رێککەوتی ئەمڕۆ 23.9ی لەسەرە، ئەنجومەنی ئابوری ئەو وەزارەتە بڕیاریداوە هەریەکە لە بەرهەمەکانی تەماتە و پەتاتە و شوتی بۆ هەرێم رابگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ئەو داوایەی کردبوو.
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئابوری ئەو بڕیارەیداوە، لەم وەرزە ئیدی رێگری دەکرێت لەوەی ئەو سێ بەرهەمە لەناوچەکانی خوارووی عێراق بنێردرێن بۆ هەرێم.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت، “هیوادارم جوتیارانی ناوخۆیی سود لەو بڕیارە وەربگرن و بەئاسانی بەرهەمەکانیان ساغبکەنەوە”.
لە رێکەوتی 30.8.2023ـەوە بەغدا دەروازەکانی بەڕووی بەرهەمی هاوردە کردووەتەوە و ئەو بەرهەمانە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکران تیایدا جوتیارانی هەرێم زەرەرمەند دەبوون.
چاوەڕوان دەکرێت لەچەند رۆژی ئایندە بەرهەمی ناوخۆیی و لەناویاندا ئەو سێ بەرهەمە نرخەکانیان بەرز ببنەوە، لەچەند رۆژی رابردوو نرخی کیلۆیەک تەماتەی خۆماڵی 150 دینار بەرز بووەتەوە.