دیمەنی دوێنێ هەینی، کاتێک تیمی فریاگوزاری گەیشتبووە سەر تەرمەکە. وێنە: تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی
نزیکەی دوو هەفتەیە خنکاوە
ناسنامەی گەنجە خنکاوەکەی رووباری دیجلەی سنوری زاخۆ ئاشکرابوو
964+
شڤان عەبدوڵا
دوێنێ هەینی تەرمی کەسێک لە رووباری دیجلەی سنوری زاخۆ دۆزرایەوە، دوای توێکاری بۆ تەرمەکەی و لێکۆڵینەوە، دەرکەوت خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بووە و ویستوویەتی لەو رووبارەوە بچێتە باکوری کوردستان.
بە قسەی پۆلیسی زاخۆ، کە ئەمڕۆ شەممە ئاشکرای کرد، تەرمەکە نزیکەی 12 بۆ 13 رۆژ دەبێت لە رووبارەکەدا ماوەتەوە.
دەریشکەوتووە، خنکاوەکە گەنجێکی تەمەن 32 ساڵە، ناوی عەبدوڵا ساڵحە و خەڵکی شاری قامیشلۆیە لە رۆژئاوای کوردستان.
ئەحمەد رەمەزان وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ئەم زانیارییانەی بە 964 دا، وتیشی، دوای تەواوبوونی رێکارەکان تەرمی گەنجەکە دەنێرنەوە بۆ رۆژئاوا.
دوێنێ هەینی، تەرمەکە بە دروستی لە سنوری گوندی پێشابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دۆزرایەوە.