خوێندکارانی ئەندازیاری کشتوکاڵ: لە دەرەوەی زانکۆ خواردن دەکڕین

964+
شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر

ژمارەیەک لە خوێندکارانی کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێن، دوو ساڵە کافتریای کۆلێژەکەیان داخراوە و لە دەرەوەی زانکۆ خواردن و پێویستیەکانیان دەکڕن.

زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ساڵانە، کافتریای کۆلێژەکان دەخاتە ناو زیادکردنی ئاشکراوە، کافتریای کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی ساڵی رابردوو، ئەو کەسەی تەندەری بۆ دەرچوبوو تەنیا چەند رۆژێک لە کارەکەی بەردەوام بوو، بەگوێرەی سۆراغی 964 “گرانی بەکرێدانی کافتریاکە هۆکار بووە”.

چەند خوێندکارێکی کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵیەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، لەرێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە ئەو گلەییەیان گەیاند بە پەیامنێری 964 لە هەولێر.

ئەمرۆ هەینی 22.9.2023، سامان عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە964ی وت، “وەک سەرۆکایەتی زانکۆ، خەریکی چارەسەرکردنی ئەو دۆخەین و مەبەستەمانە بە زوترین کات ئەم گرفتە نەمێنێت”.

نزیکەی 800 خوێندکار لە دەرەوەی زانکۆ راهێنان وەردەگرن

نزیکەی 800 خوێندکار لە دەرەوەی زانکۆ راهێنان وەردەگرن

بەوتەی بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بێت، “لە دووساڵی رابردوو، چەند کێشەیەک هەبوون لە وەرگرتنی تەندەر، تەنانەت ساڵی رابردوو بەتەندەریش وەرگیراوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، خاوەن کار وازی لە کارەکەی هێناوە”.

بەلام ئەو خوێندکارەکانی نائومێد نەکرد و وتی، “هەمووساڵێک ، کافتریا و کۆشکەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان دەخرێنە ناو زیادکردنی ئاشکراوە، دوای چەند رۆژێکی تر دەستدەکەن بە مەزادکردنی کافتریاکەی کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی”.

کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی لەهەشت بەش پێکدێت، سامانی ئاژەڵ، پیشەسازی خۆراک، پاراستنی رووەک، خاک و ئاو، بەرووبومی کێڵگەیی، دارستان، رەزگەری، سامانی ماسی و گیانەوەرە ئاوییەکان.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا