قەیسەریەكەی كفری خەریكە لەناودەچێت

+964

هونەر فارس- کفری

قەیسەری کۆنی کفری بووەتە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاک و سەقف و دیوارەکانی بە تەواوی بەرەو لەناوچوون دەچن، بەرپرسی شوێنەواری قەزاکەش دەڵێت، زۆربەی شوێنە کەلتورییەکانی کفری لە داڕوخاندایە

مێژووی دروستبوونی قەیسەریی کفری بۆ کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ دەگەڕێتەوە، ١٦٧ دوکان و چوار خان و چوار کاروانسەرا لەخۆ دەگرێت کە لە کاتی خۆیدا ناوەندێکی گرنگی بازرگانیی بووە لە نێوان ناوچە کوردنشینەکان و عێراقدا.

رەفعەت محەمەد رەشید، یەکێک لە چالاکوانانی شاری کفرییە، سەرباری گێڕانەوەی مێژووی قەیسەرییەکە، باس لەوەشدەکات، چەندین جار داوای نۆژەنکردنەوەی قەیسەرییەکەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتوون.

 ،بازرگانەکان لەم قەیسەرییەدا بەروبوومەکانی خۆیان بە شتومەکی دیکە ئاڵوگۆڕ دەکرد، بەڵام ئەوەی لە مێژووی ئەم قەیسەرییە مابێتەوە، تەنیا هەندێک دیواری داڕماو و سەقفی داتەپیوە.

قەیسەرییەکە تاوەکو ساڵەکانی ١٩٩٢ و ١٩٩٣ جمەی دەهات لە کڕیار و فرۆشیار، دواتر بازاڕەکە چۆڵکرا، گۆڕانی کەش و هەوا و بارانبارین قەیسەرییەکەی بەو دەردەی ئیستا بردووە.

عوبێد محەمەد، بەرپرسی شوێنەواری کفری بۆ +964 وتی، “ئێمە لە ساڵی ٢٠١١ دەرخستەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەیسەرییەکە ئەنجامدا و لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بڕیار بوو بە گوژمەی ٢١ ملیار دینار بە سێ قۆناغ کە هەر قۆناغێک حەوت ملیار دینار لەخۆ دەگرێت نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا پڕۆژەکە راگیراوە.