10 کەس دەستگیرکراون
لە شەڕی دوو بنەماڵە بنکەی تەندروستی بەردەڕەش سەلامەت دەرنەچوو
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
کەمێک لەمەوبەر لە ناحیەی روڤیا شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە روویدا، یەکێک لەو لایەنی شەڕکەر برینداریان هەبووە، هێناویانە بۆ بنکەی تەندروستی بەردەڕەش و لەوێش هێرشیان کراوەتەسەر و زیان بە بنکەی تەندروستی گەیشتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پێنج کەس لە هەردوولا برینداربوونە، بەڵام برینەکانیان قورس نییە، ئەمەش بەگوێرەی زانیاری بنکەی تەندروستی بەردەڕەش.
پەیامنێری 964 لەبەردەم نەخۆشخانەی بەردەڕەش قسەی لەگەڵ شایەتحاڵێک کردووە ئەو بۆ 964 وتی، شەڕەکە لەسەر بێزارکردنی خەڵک بووە بە دەنگی ماتۆڕ، دوای ئەوەی ئەو گەنجە ئاگاداردەکرێتەوە بەو کۆڵانە تێنەپەڕێت، بەڵام دووبارەی کردووتەوە بووە بە شەڕیان.
ئەو شایەتحاڵە دەڵێت، بریندارەکان بە گولە نەبووە بەڵکو بەشەڕی دەستەویەخە بووە، دوای ئەوەی برینداری لایەنێک هێنراون بۆ نەخۆشخانە، لایەنەکەی دی لەوێش هێرشیان کردووەتە سەریان، و بنکەی بەردەڕەش زیانی زۆری پێگەیشتووە.
عەمید سەعدی بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش بە 964ی وت، شەڕەکە وەستاوە و لەلایەنێک چوار کەس و لەلایەکی دیکە شەش کەس دەستگیرکراوە.
نەشوان بەرزنجی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی بەردەڕەش بە 964ی وت، “بەهۆی شەڕەکەوە زیانێکی زۆر بەر کەلوپەلەکانی نەخۆشخانە کەوتووە، هەتا پۆلیس نەهات دۆخەکە هێمن نەبوویەوە، ئەو لایەنەی بووەتە هۆکاری تێکچوونی کەلوپەلەکان دەبێت چاکی بکاتەوە”.
لە گوندێکی بەردەڕەش لەسەر کێشەی ئاو چوار کەس بریندار بوون
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی