حکومەتی عێراق کاتی ناردنی 700 ملیارەکەی ئاشکرا کرد

964+
ژووری هەواڵ

حکومەتی عێراق دەڵێت، لە رێگەی هەر سێ بانکی رافیدەین و رەشید و TBI بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت بۆ ماوەی سێ مانگ.

دەشڵێت، لەم مانگی ئەیلوولەوە دەست بە ناردنی 700 ملیار دەکەن و تاوەکو دوو مانگی تر بەردەوام دەبن.

بەگوێرەی راگەیاندراوی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق، کە پێنج خاڵی تایبەتە بە پێدانی 700 ملیاری مانگانە بە سێ وەجبەی قەرز بۆ هەریەکە لە مانگەکانی 9 و 10 و 11 دەبێت.

لە خاڵی دووەمی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هاتووە، وەزارەتی دارایی ئەو بڕە قەرزە لە پشکی هەرێم بۆ ساڵی 2023 دەبڕێت.

لە خاڵی سێیەمی هاتووە ئەگەر بودجەی هەرێم لەساڵی 2023 بەشی دانەوەی ئەو قەرزەی نەکرد، لە مانگەکانی ساڵی 2024 دەبڕدرێت.

لەخاڵی چوارەمی بڕیارەکە هاتووە، وەزارەتی دارایی پارەی پێشەکی لەو بانکانە دادەنێت کە دیاریکراون کە یەکسان دەبێت بەو بڕە قەرزەی رادەکێشرێن لەلایەن هەرێمەوە.

لە خاڵی پێنجەمی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران هاتووە، فەرمانگەی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی چاودێری دارایی لە هەرێم، وردبینی لە ژمارەی فەرمانبەران و ئەوانەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشینان لە هەرێمدا دەیانگرێتەوە دەکات، بەپێی ئەو لیستانەی کە پێشکەشی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکرێن و بڕی موچەکانیان لە ماوەی 30 رۆژ زیاتر نەبێت لە رێکەوتی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، بەپێی ئەو مەرجانەی کە لەلایەن هەردوو فەرمانگەی چاودیری دارایی دانراون.