دیمەنێک کە دراوی عێراقی تێدا نیشاندراوە _ وێنە: تۆڕی کۆمەڵایەتی
عێراق مانگانە 700 ملیار دینار دەنێرێت
964+
ژووری هەواڵ
ڤیان سەبری پەرلەمانتاری کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی وت، بەغدا تاوەکو سێ مانگی تر، هەموو مانگێک 700 ملیار دینار دەنێرێت.
وتیشی، پارەکە بەشێوەی قەرزە و تاوەکو ئەو سێ مانگەش هەردوولا هەوڵدەدەن بگەنە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئەمڕۆ بەغدا لە بارەی هەرێمەوە بڕیار دەدات
کۆبوونەوەکە دەبوو سێشەممە بکرایە، بەڵام لەبەر ئەوەی سبەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەچێت بۆ ئەمریکا، پێشخراوە بۆ ئەمڕۆ.
پێنجشەممەی رابردوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و تیمێکی باڵا چوونە بەغدا، لەوێ لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی حزبە دەستڕۆیشتووەکان کۆبوونەوە.
بە قسەی سەرچاوە ئاگادارەکان، تیمەکەی هەرێم رەزامەندی ئەو لایەنانەی بەدەستهێنابوو، کە ئەمڕۆ وەزیرەکانیان لە بەرژەوەندی هەرێم دەنگیان داوە.
هەر ئەو رۆژە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و چەندین لایەنی دیکەی عێراقی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی وت، گەشبینە سەبارەت بە هاتنی موچەی فەرمانبەران.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە دیاریکراوی وتی، “ئێمە بە ئومێدین، چاوەڕێ دەبین تاوەکو کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران [عێراق]، زۆر زۆر گەشبینم لەوێ بڕیاری باش بدرێت”.
کێشەکە چی بوو؟
کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بەشەبودجەیە، هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە پابەند نەبوون بە رێکەوتنەکانیان.
حکومەتی عێراق دەڵێت، بۆ ماوەی چەند مانگی رابردوو کاتێک هەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس راگیرابوو، حکومەتی هەرێم هیچ داهاتێکی بۆیان نەناردووە تاوەکو بەشەبودجەی بۆ بنێرن.
حکومەتی عێراقی دەشڵێت، ئەگەر نەوت نەبووبێت، حکومەتی هەرێم دەیتوانی داهاتی ناوخۆ و داهاتی سنورەکانی بۆ بنێرێت.
دیارنییە دادگای پاریس بڕیاری لەبارەی هەناردەی نەوتی کوردستان دابێت
لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راگیرانی هەناردەی نەوت لەدەستی خۆیدا نەبووە و ناچار بووە داهاتەکانی دیکەش لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە چونکە موچەی فەرمانبەرەکانی لەئەستۆدایە.
هەروەها حکومەتی هەرێم بە بەردەوامی داوا دەکات، حکومەتی ناوەندیی سەرجەم شایستە داراییەکانی بۆ بنێرێت.