لەبارەی ناردنی بودجە
ئەمڕۆ بەغدا لە بارەی هەرێمەوە بڕیار دەدات
964+
ژووری هەواڵ
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بڕیار بدات.
کۆبوونەوەکە دەبوو سێشەممە بکرایە، بەڵام لەبەر ئەوەی سبەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەچێت بۆ ئەمریکا، پێشخراوە بۆ ئەمڕۆ.
پێنجشەممەی رابردوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و تیمێکی باڵا چوونە بەغدا، لەوێ لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی حزبە دەستڕۆیشتووەکان کۆبوونەوە.
بە قسەی سەرچاوە ئاگادارەکان، تیمەکەی هەرێم رەزامەندی ئەو لایەنانەی بەدەستهێناوە، کە ئەمڕۆ وەزیرەکانیان لە بەرژەوەندی هەرێم دەنگ بدەن.
هەرێمی کوردستان داوای چی کردووە؟
لە کۆبوونەوەکانی پێنجشەممەدا، شاندەکەی هەرێم داوای 775 ملیار دیناری مانگانەی کردووە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران.
ئەمە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان بە 964ـی وت.
وتیشی، داواکراوە بۆ هەریەک لە مانگەکانی 7، 8، 9، 10، 11 و 12 ئەو بڕە پارەیە بێت، کە بە کۆی گشتی دەکاتە چوار ترلیۆن و 650 ملیار دینار.
هەر ئەو رۆژە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و چەندین لایەنی دیکەی عێراقی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی وت، گەشبینە سەبارەت بە هاتنی موچەی فەرمانبەران.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە دیاریکراوی وتی، “ئێمە بە ئومێدین، چاوەڕێ دەبین تاوەکو کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران [عێراق]، زۆر زۆر گەشبینم لەوێ بڕیاری باش بدرێت”.
مەسرور بارزانی: چاوەڕێی حكومەتی عێراقین رێككەوتنەكە جێبەجێبكات
کێشەکە چییە؟
کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بەشەبودجەیە، هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە پابەند نەبوون بە رێکەوتنەکانیان.
حکومەتی عێراق دەڵێت، بۆ ماوەی چەند مانگی رابردوو کاتێک هەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس راگیرابوو، حکومەتی هەرێم هیچ داهاتێکی بۆیان نەناردووە تاوەکو بەشەبودجەی بۆ بنێرن.
حکومەتی عێراقی دەشڵێت، ئەگەر نەوت نەبووبێت، حکومەتی هەرێم دەیتوانی داهاتی ناوخۆ و داهاتی سنورەکانی بۆ بنێرێت.
لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راگیرانی هەناردەی نەوت لەدەستی خۆیدا نەبووە و ناچار بووە داهاتەکانی دیکەش لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە چونکە موچەی فەرمانبەرەکانی لەئەستۆدایە.
هەروەها حکومەتی هەرێم بە بەردەوامی داوا دەکات، حکومەتی ناوەندیی سەرجەم شایستە داراییەکانی بۆ بنێرێت.