سەرچاوەکان لە سەقزەوە: باوکی ژینا ئەمینی دەستگیر کرا

+964

ژووری هەواڵ

حکومەتی ئێران کامێرای چاودێری بۆ گۆڕی ژینا ئەمینی دادە...

حکومەتی ئێران کامێرای چاودێری بۆ گۆڕی ژینا ئەمینی دادەنێت

بەهۆی یادی ژینا ئەمینییەوە ئەمڕۆ بارودۆخی سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان نائاساییە، زیاد لە سەرچاوەیەک دەڵێن ئەم بەیانییە باوکی ژینا ئەمینی دەستگیرکراوە، بەڵام هێشتا زانیارییەکان لەو بارەیەوە تەمومژاوین و یەکلانەکراوەتەوە.

ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی (مەهسا) ئەو کچە کوردەی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو لە تاران لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە گیرابوو بەو بیانووەی رەچاوی حیجابی نەکردووە، رۆژی 16 مانگ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و کەسوکارەکەی وتیان بە دەستی پۆلیس کوژراوە، بەهۆی ئەو رووداوەوە ساڵێک دەبێت خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە کوردستان و باقیی شارەکانی دیکەی ئێران نەبڕاوە.

بەر لە هەفتەیەک ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای وتبوو ئەوان یادی کچەکەیان دەکەنەوە، بەڵام لەبەر بارودۆخەکە ناتوانن بانگهێشتی خەڵک بکەن بۆ بەشداریکردن، وتبووشی ”ژینا تەنیا کچی بنەماڵەی ئەمینی نییە، بۆیە گەل هەر بڕیارێک بدات، ئێمە گوێڕایەڵی ئەوانین.”

پێناچێت ئەمجەد و دۆستەکانی ئەم بەیانییە فریای بەڕێوەبردنی مەراسیمەکە کەوتبن، چونکە دەوترێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، زیاد لە رێکخراوێکیش ئەمەی دووپات کردووەتەوە.

هادی ره‌سوڵزاده‌ وته‌بێژی رێكخراوی هانا، کە رێکخراوێکە چاودێریی بارودۆخی مرۆیی ئێران دەکات به‌ 964ی وت ”باوكی ژینا ئه‌مینی له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ستگیركراوه‌ و هێزێكی زۆر ده‌وری ماڵه‌كه‌ی ئه‌مینییان داوه”‌.

ئەو رێکخراوانەی چاودێریی بارودۆخی ئێران دەکەن، دەڵێن چەند رۆژێکە هێزێکی زۆر دەوری ماڵی ژینا ئەمینی و گۆڕستانی ئایچی سەقزیان داوە، ئەو گۆڕستانەی گۆڕەکەی ژینای لێیە، ناهێڵن هیچ کەس لەوێ نزیک ببێتەوە.

بەهۆی ئەم بارودۆخە ئەمنییەوە بە ئاسانی دەنگ بە سەقز ناگات و 964 نەیتوانی لە سەرچاوەی نزیک لە خانەوادەی ئەمینییەوە ئەم زانیارییانە پشت راست بکاتەوە.

گه‌نجێكی كورد

گه‌نجێكی كورد "به‌هۆی ژینا ئه‌مینی"ـیه‌وه‌ له‌ كه‌ره‌ج كوژرا