شارەوانی قەڵادزێ: پارە خەرج نەکرێت دروستکردنی شەقامی 60 مەتری دەوەستێت
964+
محەمەد عەبدوڵا – قەڵادزێ
شەقامی 60 مەتری قەڵادزێ لە ئیدارەی راپەڕین، پێویستی بە 27 ملیار دینارە و کارکردن لە قۆناغی دووەمیدا بە سستی بەڕێوەدەچێت.
دووری مەودای شەقامەکە بە نزیکەیی 14 کیلۆمەترە، وەک پشتوێنەیەک وایە کە بە دەووری سنوری جوگرافی شارەکە دەسووڕێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14.9.2023، ئارام محەمەد سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ بە 964ـی وت، “پڕۆژەکە لە چوار قۆناغ پێکدێت، تائێستا کارکردن لە قۆناغی دووەمدا دەکەین، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارەی نەختینە لەبانکدا، کارکردن لە پرۆژەکەدا بەسستی بەرێوەدەچێت”.
سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ دڵنیا نییە لەوەی کارکردن لە پرۆژەکەدا بەردەوام بێت، وتی، ” ئەگەر پارە بۆ پرۆژەکە خەرجنەکرێت، وەکو باقی پڕۆژەکانی دیکە ناچارین کارکردن تیایدا بووەستێنین، کە ئێستا پێویستمان بە 27 ملیار دینارە”.
لە ساڵی 2013ـەوە، بەردی بناغەی شەقامی 60 مەتری قەڵادزێ دانراوە، بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن تیایدا چەند ساڵێک وەستابوو، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا