“بە نایاسایی پارە لە جوتیارانی پێنجوێن وەردەگیرێت”
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
قایمقامیەتی پێنجوێن نووسراوێکی ئاراستەی عەلوەی قەزاکە کردووە و داوا لە فرۆشیاران دەکات پابەندی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ بن و پارەی “عمولە” لە جوتیاران وەرنەگرن، بەڵام کەس بەم بڕیارەوە پابەند نابێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10.9.2023، بەختیار قادر، ئەندامی رێکخراوی جوتیارانی ئەفرێنەری کوردستان بە 964ـی راگەیاند، هەرچەندە ئاگادارکراون کە ئەم پارەیە نایاساییە، بەڵام فرۆشیارانی عەلوەی پێنجوێن نزیکەی 3٪ پارەی “عمولە” لە جوتیاران وەردەگرن لەبەرامبەر ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
هاوردە یەخەی تەماتە و خەیاری پێنجوێن دەگرێت
کارە نایاساییەکە بەو جۆرەیە، بۆ نموونە ئەگەر جوتیارێک بەرهەمەکەی 100 هەزار دینار بکات، ئەوا نزیکەی سێ هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، گوایە ئەمە لە بەرامبەر ساغبوونەوەی بەرهەمەکەیەتی.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵ لە مانگی تەمووزی 2017ـەوە دەرچووە و لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، جگە لە عەلوەی پێنجوێن.