وێنەی پاڵەوانێتی کیک بۆکسێنی وڵاتانی عەرەب.وێنە:+964
سلێمانی پاڵەوانی کیک بۆکسینگی هەشت وڵاتی عەرەبی کۆکردەوە
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە هۆڵی زانکۆی سلێمانی پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی کیک بۆکسینگ بۆ هەڵبژاردەی وڵاتانی عەرەب دەستیپێکرد.
پاڵەوانیەتیەکە بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی کیک بۆکسینگی عەرەب و بەهاوکاری فیدراسیۆنی عێراق بۆ ئاستی پێشکەوتوانی کوڕان و کچان دەستیپێکرد.
ئازاد محەمەد ئەندامی فیدراسیۆنی کیک بۆکسینگی عێراق بە 964ـی وت، عێراق لە یاری کیک بۆکسینگدا دەستێکی باڵای هەیە و پاڵەوانی ئاست بەرزی هەیە، کوردیش بەشێکی گرنگی ئەم یارییەی بەرکەوتووە.
وتیشی، بەهۆی گرینگی ژێرخانی وەرزشی شاری سلێمانییەوە، ئەم پاڵەوانێتییە خراوەتە ئێرە و ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ یاریزانان و شارەکەیان.
پاڵەوانیەتیەکە بۆ 12 کێشی جیاوازە و لە 51 کیلۆگرامەوە دەست پێ دەکات و تا سەرو 91 کیلۆگرام بەشداردەبێت.
پاڵەوانیەتیەکە لە جۆرەکانی K1 و فول کۆنتاکت و سیمی کۆنتاکت بوو، کە هەشت هەڵبژاردە بەشدارییان کردبوو.
هەڵبژاردەکان پێکهاتوون لە هەڵبژاردەکانی عێراق، میسر، جەزائیر، مەغریب، ئەردەن، یەمەن، فەڵەستین و سوریا.
هەڵبژاردەی عێراق بە 33 یاریزانی کوڕ بەشدارە کە سیانیان کوردن و هەروەها بە حەوت کچە یاریزانیش بەشداری رکابەرییەکانی کردووە کە سەرجەمیان کوردن، بریاریشە سبەی شەممە کۆتایی بە پاڵەوانێتییەکە بێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی