پۆلیسێک بە تەقەی تۆمەتبارێک گیانی لەدەستدا

964+

سیروان خورشید

پۆلیسی ناحیەی زنانە چوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لەگوندی دوراجی لەسنوری قەزای دوزخورماتوو ، لەلایەن تۆمەتبارەکەوە تەقە لەهێزەکانی پۆلیس دەکرێت و پۆلیسێک گیان لەدەستدەدات.

وەهاب ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە بە 964ـی وت، ماوەیەکە لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو تۆمەتبارە دەرچووە، سێ جاری تر پۆلیس چووەتەسەر ماڵیان لەماڵ نەبووە.

وتیشی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشممە پۆلیس جارێکی تر چووەتە سەر ماڵیان و دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە پۆلیس دەبینێت راستەوخۆ هەڵدێت پاشان پۆلیس بەدوایدا دەڕوات، لەبەر ئەوەی پۆلیس فەرمانی تەقەکردنیان پێ نەبووە نەیانتوانیوە تەقە لەتۆمەتبارەکە بکەن، بۆیە لەهەڵهاتنەکەدا تۆمەتبارەکە نزیک بووەتەوە لە سنورەکانی داعش و پۆلیس گەڕاوەتەوە، و تۆمەتبارەکە ئەوەی بەهەلزانیوە، بۆیە لەدواوە تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس کردووە و پۆلیسێکی بەسەختی بریندارکردووە ، وتیشی پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسەکە ناوی تارق عەبدولخالقە و خەڵکی ناوچەی هەفتەغارە و تەرمەکەی ئێستا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژارە لە کەلار.

پێداچوونەوە: توانا نەقی