ئامیلۆن ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ى پلاستیك بۆ پێداویستییه‌ سه‌فه‌رییه‌كان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ هه‌رێمی كوردستان، كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كرێت به‌ناوى ئامیلۆن، وه‌ك جێگره‌وه‌ بۆ ئه‌و پێداویستییه‌ سه‌فه‌ریانه‌ى كه‌ له‌ ماده‌ى پلاستیك دروستده‌كرێن و كاریگه‌ریى خراپیان له‌سه‌ر ژینگه‌ى هه‌رێم هه‌یه‌ .

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئامیلۆن بریتییه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانى وه‌ك قاپی سەفەری و پێداویستییه‌كانى دیكه‌، وه‌ك جێگره‌وه‌ى ماده‌ى پلاستیک لە رووەک دروستده‌كرێن و دەتوانێت لە پلەی گەرمی 100 بەرگە بگرێت و دوای کەمتر لە دوو ساڵیش لە سروشتدا شیدەبێتەوە دەبێتەوە بە خاک.

مه‌عروف مه‌جید، سه‌رۆكى رێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگه، به‌ 964ـى وت، بۆ پشتگیری له‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌ى سه‌ردانى ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه‌ و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییان كردووه‌ و هه‌ردوولا پشتگیری ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یان كرد.

وتیشی “هه‌رچه‌نده‌ پڕۆژه‌كه‌ بازرگانییه‌، به‌ڵام چونكه‌ دۆستى ژینگه‌یه‌ هه‌موو لایه‌ك پشتگیرى ده‌كات”.

روونیشیكرده‌وه‌، پێكهاته‌ى ماده‌كان بۆ دروستكردنى پێداوییستى سه‌فه‌رى كه‌ له‌و پڕۆژه‌ نوێیه‌ به‌رهه‌م ده‌هێندرێت، بریتییه‌ له‌ نیشاسته‌ى گه‌نمه‌ شامى كه‌ كاریگه‌رییه‌كى خراپ له‌سه‌ر ژینگه‌ دروستناكات و دووره‌ له‌و ماده‌ نه‌وتى و پلاستیكییانه‌ى كه‌ ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان پێی دروست ده‌كرێت.

به‌قسه‌ى سه‌رۆكى ئه‌و رێكخراوه‌، كارگه‌كه‌ له‌ سنوورى قه‌زاى كه‌لار داده‌نرێت و كه‌وتووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردن و زه‌ویشی بۆ ته‌رخان كراوه‌.

وتیشی “ئێستا ئه‌و كارگه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كردارى كار ده‌كات و سفره‌ى سه‌فه‌رى و عه‌لاگه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت”.