بەهۆی خۆپیشاندانەکانی کەرکوک

25 خۆپیشاندەر ئازادکران و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەکی دیکە دەرچوو

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی کەرکوک ژمارەیەک گەنج لایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکرا بوون، ئەمڕۆ 25 کەسیان ئازادکران، بڕیاری ئازادکردنی ژمارەیەکی دیکەش هەیە.

رۆژی شەممە بە هۆی خۆپیشاندانەکەی گەرەکی رەحیماوا و شۆراوی شاری کەرکوک 39 گەنج کورد لە لایەن هێزە هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکران.

سەرچاوەیەکی لە هێزە ئەمنییەکان تایبەت بە 964 وتی، “ئێوارەی دوێنی 25 گەنجی کورد لەلایەن دادگای کەرکوکەوە ئازاد کران و بڕیارە لەم چەند ڕۆژەی دیکەش ئەوانەی ماون دۆسییەکانیان ئاراستەی دادگا بکرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش ئازاد بکرێن”.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت، “لەگەڵ ئەوەی ئەو ژمارەیە ئازادکراون، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 20 خۆپیشاندەری دیکەی کورد دەرچووە، بەبیانوی ئەوەی لە رۆژی خۆپیشاندانەکە پشێویان دروستکردووە”.