ته‌نیا یه‌ك به‌شی كوردی ماوە

یەکێتیی مامۆستایان: فریاى خوێندنى کوردى بكه‌ون لە عێراقدا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سەرۆکى یەکێتیی مامۆستایانى کوردستان ورده‌كارى سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌م دوایه‌یان بۆ به‌غدا ئاشكرا ده‌كات و بۆ 964یش ئاشكرای كرد، خوێندنى کوردى لە عێراق له‌وپه‌ڕى په‌راوێزخستندایه‌ و مه‌ترسی نه‌مانى له‌سه‌ره‌.

چه‌ند رۆژێك بوو شاندێكى یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان سه‌ردانى به‌غدایان كردبوو و له‌ باره‌ى موچه‌ى مامۆستایان و كێشه‌ و گرفته‌كانى خوێندنى كوردی له‌ عێراق، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیان بینیوه‌.

ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى، سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان به‌ 964ـى وت، دۆخى خوێندنى کوردی رووبەڕووى زۆرترین گرفت و كێشه‌ بووەتەوە.

وتیشی “لە میانى سەردانى چەند رۆژەمان بۆ بەغدا چەندین کەسایەتى سیاسى و پەروەردەییمان لە ئاستى باڵادا بینى و بەدەر لە بابەتى پەروەردەیى و مامۆستایان لە رەوشى خوێندنى کوردیشمان لە بەغدا کۆڵییەوە”.

لەوێ سەردانى بەشى کوردییان لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى کردووه‌، بۆیان دەرکەوتووه‌ کە کۆلێژەکە پشتگوێخراوە و لەناو کێشە و گیروگرفتێکى قوڵى خوێندندایە.

ده‌شڵێت “له‌و به‌شه‌ كوردییه‌ مامۆستاى پسپۆڕى وانەکانیان نییە و حکومەتى عێراقیش هیچ پشتیوانیان ناکات، نه‌ میلاكى پێویست نه‌ قوتابی، نه‌ شوێنی گونجاویشیان هه‌یه‌”.

به‌قسه‌ى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان، ئەو گرفتانەی خوێندنى كوردیان لەگەڵ بەرپرسانى عێراق باسکردووه‌ “پێیانوتین ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى به‌شی كوردی بكه‌ینه‌ نووسراو ئاڕاسته‌یان بكه‌ین”.

ئه‌حمه‌د گه‌رمیان، ره‌خنه‌و گله‌یی ئاراسته‌ى ته‌واوى په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌ كورده‌كانى به‌غدا كرد، كه‌ هیچ ئاگایان له‌و به‌شه‌ كوردیه‌ نییه‌ و به‌و دۆخه‌ى خراپه‌ى به‌شه‌كه‌ نازانن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ساڵى پار به‌شی كوردى له‌ كولیژى ئادابى زانكۆى به‌غدا داخراوه‌، ئێستا ته‌نیا به‌شی كوردی له‌ كۆلیژی په‌روه‌رده‌ ماوه‌، ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر زوو فریاى ئه‌و به‌شه‌ نه‌كه‌وین، ئه‌ویش نامێنێت”.

یەکێتیی مامۆستایان: فریاى خوێندنى کوردى بكه‌ون لە عێراقدا