سوودانی: کەس بۆی نییە چەک هەڵبگرێت جگە لە هێزە ئەمنییەکان

964+
ژووری هەواڵ

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد “هەر کەسێک ئاژاوە بنێتەوە” لە کەرکوک دەستگیری بکەن.

کەمێک لەمەوبەر، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، “کەس بۆی نییە چەک هەڵبگرێت جگە لە هێزە ئەمنییەکان”.

هەروەها دەشڵێت، قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بەسەر شاری کەرکوک دەسەپێندرێت تاوەکو ئارامبوونەوەی دۆخەکە.

“هێزە ئەمنییەکان رێگە لە هەموو ئەوانە بگرن کە ئاژاوەگێڕن و هەوڵی پشێوی دەدەن”، سوودانی وا وتووە.

لەلایەکی دیکە، عامر نوری شوانی وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، “ئێستا بە فەرمی بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆمان دا و تەنیا بۆ ئەمشەوە بۆ ئەوەی بارودۆخەکە هێور ببێتەوە، بەڵام هەر حاڵەتێکی نەخوزراو هەبێت درێژ دەکرێتەوە”.

دەنگۆ هەیە خۆپیشاندەر کوژرابێت

دەنگۆیەکی بەهێز هەیە کە لە خۆپیشاندانەکەی کەرکوکدا کوژراو و بریندار هەبێت.

پەیامنێری 964 رایگەیاند، بە چاوی خۆی بینیویەتی خۆپیشاندەر بریندارکراوە.

هێزە ئەمنییەکان تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەکەن بە مەبەستی بڵاوەپێکردنیان.

ئێستا خۆپیشاندانە لە گەڕەکی رەحیماوا و شۆراو و رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکوک، خۆپیشاندەرە کوردەکان داوا دەکەن ئەو خێمانە لاببرێت کە خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان چەند رۆژێکە لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك هەڵدراون.

ئەو خێمانە بۆ ئەوە هەڵدراون کە رێگە بگرن لە راده‌ستكردنه‌وه‌ی بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك بە پارتی دیموکراتی کوردستان، كه‌ پێشتر باره‌گای خۆی بووه‌.