لە ساڵێکدا هەزار قوتابی خوێندنی نا ئاسایی زیادیان کردووە
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر
تەنیا لەمساڵدا، زیاتر لە ٩٠٠ قوتابی نا ئاسایی زیادیان کردووە. بەڕێوەبەری خوێندنی نا ئاسایی دەڵێ؛ لە پڕۆژە یاسای پەروەردە مافی زیاتریان پێدەدەین.
له سنوورى هه‌ولێر نزیكه‌ى چوار هه‌زار قوتابی خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت له ٣٥ قوتابخانه‌ى نا ئاسایی دەخوێنن، هه‌موویان نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه، ساڵانەش ژماره‌یان زیاد ده‌كات.
سۆران محه‌مه‌د حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌رى خوێندنى نا ئاسایی بە +964ـی راگەیاند؛ ئێستا ٣٥ قوتابخانه‌ى خوێندنى نا ئاسایی له سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر هەیە كه تایبه‌تن به قوتابیانی خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت، لە پلانماندا هەیە ژمارەی قوتابخانەکان بۆ ٦٠ قوتابخانه زیاد بکەین.
وتی “پێشتر حەوت تا نۆ مامۆستامان هەبوو، بەڵام لەمساڵدا ژمارەکە گەیشتووەتە ٩٠ مامۆستا”.
خوێندنی نا ئاسایی، بەوە جیا دەکرێتەوە لە خوێندنی ئاسایی کە خوێندنی تایبەت، خوێندنی خێرا‌و خوێندنی بەهرەمەندەکان لەخۆی دەگرێت. جگە لە خوێندنی بەهرەمەندەکان، ئەوانی دیکە ئەو منداڵانە تێیدا دەبنە قوتابی کە بیرکۆڵ، ئۆتیزم، ئیفلیجی مێشک یان هەر پێداویستییەکەی دیکەی تایبەتی هەبێت کە جیای بکاتەوە لە منداڵی ئاسایی.
بەپێی بەدواداچوونێکی +964 دەردەکەوێت کە ژمارەی قوتابیانی خوێندنی نا ئاسایی لە هەولێر، سێ هەزارو ٨٥٩ قوتابییە، تەنیا لەمساڵدا نزیکەی نزیکەی ٩٠٠ قوتابی زیادیان کردووە.
سۆران محه‌مه‌د حوسێن، ئەوە رووندەکاتەوە کە ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە، یان ئیفلیجی مێشک، سه‌ر به وه‌زاره‌تى كار‌و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حاله‌ته‌كانیان له ٤٠% به‌ره‌و خواره‌وو بێت، ئەوا دەخرێنەسەر قوتابخانه‌کانی سەربە وەزارەتی پەروەردە.
زیاتر وتی “بڕیارێك له‌وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده هه‌یه كه ده‌بێ منداڵانی خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت، تێكه‌ڵ به منداڵانى ئاسایی و خوێندنى ئاسایی بكرێنەوە، ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئێمەیە، بەڵام پێشوەختە دەبێت لە سەنتەری تایبەت راهێنانیان پێدەکرێت ئینجا دەگوازرێنەوە”.
بە قسەی بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی نا ئاسایی بێت، منداڵی زۆر هەن خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەڵام دایک و باوکیان لەبەر “عەیبەی” کۆمەڵگە دەیانبەنە قوتابخانە تایبەتەکان.
زیاتر وتی “لە یاسای نوێی پەروەردەدا، چه‌ند مادده و بڕگه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ كه‌سانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت دانراوه، كه پێشتر نه‌بووه، زۆرێك مافیان بۆ جێگیر كراوه، هه‌مان كات ماده‌و بڕگه‌ى تایبه‌تیش بۆ خوێندنى نائاساییش دانراوه”.