دۆخی كه‌ركوك به‌ره‌و كوێ؟
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
به‌هۆی پرسی راده‌ستكردنه‌وه‌ی بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك بە پارتی دیموکراتی کوردستان، كه پێشتر باره‌گای خۆی بووه، تا دێت بارودۆخی كه‌ركوك ئاڵۆز ده‌بێت، بەپێی سەرچاوەیەک بۆ 964، ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر له شاری بابله‌وه روویان له كه‌ركوك كردووه بۆ پشتگیری خۆپیشانده‌رانی ناو خێمه‌كان، له به‌رامبه‌ردا ژماره‌یه‌ك هاوڵاتیی گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا به‌نیازن خۆپیشاندانی هێمنانه بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی رێگای به‌رده‌م فه‌رمانده‌یی، كه كار و كاسبی و هاتوچۆی له به‌شێكی شاره‌كه‌دا وه‌ستاندووه.
بارودۆخی شاری کەرکوک بۆ هەفتەیەک دەچێت رۆژ لە دوای رۆژ روو لە ئاڵۆزبوون دەکات، خێوەتی خۆپیشاندەران لە بەردەم ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشاکان لە گەڕەکی شۆراو فراوانتر دەبێت، لە پارێزگاکانی دیکەوە سەرۆک هۆزە عه‌ره‌به‌کان بە پاڵپشتی لایەنگرانیان روو لە خێوەتەکان دەکەن بۆ پاڵپشتیكردنی خۆپیشاندانه‌كان.
دره‌نگانی شەوی هەینی، خۆپیشاندەرەکان لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی داوایان لە خەڵکی كرد روو بکەنە خێوەتەکان بەهۆی ئەوەی بڕیارە شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی رادەستکردنی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسێونەکانی كه‌ركوك بەو حزبەی هەرێم، دێنه كه‌ركوك.
خۆپیشاندەر لە پارێزگای بابلەوە هاتووە
ئەنوەر مەحموود خەڵه‌ف، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە بە 964ـی وت، “هۆزەکانی شەمەر، ئەلبوبدێر، گەزات، عوبێد و جبوور و چەند هۆزێکی دیکە لە لایەنگرانی عەسایب ئەهل حه‌ق و تورکمان، خێوەتیان هەڵداوە لە دژی رادەستکردنی ئەو بارەگایه بە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پێشینەی زۆر باشی نییە لەگەڵ هاوڵاتیانی عەرەب، بۆیه رێگری دەکەین بە هەمو شێوەیەک، هه‌روه‌ها لە پارێزگای بابلەوە وەکو پاڵپشتیەک ژمارەیەک خۆپیشاندەر گەیشتنوونه‌تە شارەکە”.
لە لایەکی دیکە، سەرچاوەیەکی سه‌ربازیی باڵا له كه‌ركوك بە 964ـی وت، شاندێکی باڵای سەربازی عێراقی بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر یاڕوڵا سوپاسالاری عێراق گەیشتوونه‌تە کەرکوک، بڕیارە سەردانی خێوەتی خۆپیشاندەران بکه‌ن، بەڵام تا ئەم ساتە سەردانیان نەکردوون، تەنیا لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک لە سەربازگەی کەیوان لە کۆبوونەوەدان.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیستی تورکمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی وت، پێویستە بڕیاری رادەستکردنی ئەو بارەگایە بەپێی یاسا بەڕێوەبچێت و ئەگەرنا دوا بخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەگەریش چارەسەر نەکرێت، ئەوا لە رێگای رێکخراوە نێودەوڵەتییه‌کان چارەسەر بکرێت.
وتیشی، پێویست ناکات چیتر ئەو شەقامە بە رووی هاوڵاتیاندا بگیرێت.
پێویست ناکات زیاتر لەوە کردنەوەی شەقامەکە دوابخرێت
ئەحمەد بەختیار هاوڵاتییه‌كی دانیشتووی گەڕه‌کی رەحیماوای كه‌ركوكه، به 964ـی وت، “لەگەڵ چەند گەنجێک بڕیارمانداوە کاتژمێر 5ـی ئێوارە لە بازاڕی رەحیماوا خۆپیشاندانێکی هێمنانە ئەنجام بدەین بۆ داواکاری کردنەوەی ئەو شەقامە و پێویست ناکات زیاتر دابخرێت و رێگری لە هاتوچۆی هاوڵاتیان بکرێت و كار و کەسابەتمان هەمووی وەستاوە”.
باره‌گای ژووری ئۆپەراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك، پێشتر باره‌گای ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوكی پارتی دیموکراتی كوردستان بوو، ئێستا به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان حزبه‌كه و حكومه‌تی عێراق، بڕیاره باره‌گاكه راده‌ستی بكرێته‌وه، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌یه له یه‌كشه‌ممه‌ی رابردووه‌وه خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه له لایه‌ن لایه‌نگرانی چه‌ند لایه‌نێكی عه‌ره‌بی و توركمان له كه‌ركوك به‌ڕێوه‌ده‌چێت و داوا ده‌كه‌ن باره‌گاكه راده‌ستی نه‌كرێته‌وه.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا