16 زیاره‌تكاری ئێرانی گیانیان له‌ ده‌ست دا

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

16 زیاره‌تكاری ئێرانی له‌ رووداوێكی هاتوچۆدا له‌ نزیك پارێزگای سه‌ڵاحەد‌ین گیانیان له‌ده‌ست دا، ژمارەیەکی دیكه‌ش بە سەختی بریندار بوون.

رووداوه‌كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو قه‌زای دوجه‌یل و سامه‌ڕا شه‌وی رابردوو روویدا، كه‌ 16 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و 13ی دیكه‌ش بریندار بوون، ئه‌مه‌ش به‌ پێی وته‌ی خالید بورهان، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی پارێزگای سه‌ڵاحەدین بۆ میدیاکانی عێراق.

ئه‌و زیاره‌تكارانه‌ی تووشی ئه‌و رووداوه‌ هاتوون، به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ چله‌ی ئیمام حوسێن هاتوونه‌ته‌‌ عێراق و به‌ره‌و شاری كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌بوون.

له‌ رۆژی 18.8.2023ەوە زیارەتکارانی شیعە لە رۆژهەڵاتی ئێرانەوە لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانه‌وه‌ بۆ چلەی ئیمام حوسێن بە کوردستاندا تێدەپەڕن بۆ بەغدا و کەربەلا و نەجەف.

بە گوێرەی رێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران، ئامادەکاری بۆ هاتنی 500 هەزار زیارەتکار کراوە، كه‌ دوو وێستگه‌شیان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ دابین كراوه‌ بۆ پشوودان.