هۆڵی پرسەی سەرقەڵا تەنیا لە کێبڵی کارەبای کەمە

964+

هونەر فارس – گەرمیان

نزیکەی ساڵێکە هۆڵێک بۆ پرسە و بۆنەکان لە ناحیەی سەرقەڵای سەر بە قەزای کفری لە سنوری ئیدارەی گەرمیان دروستکراوە، بەڵام تا ئێستا هۆڵەکە بێ کارەبایە.

هۆڵەکە جێگەی زیاد لە 200 کورسی دەبێتەوە و دەکەوێتە سەنتەری ناحیەکەوە.

یەکێک لە هاوڵاتیانی ناحیەکە بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “هۆڵەکەمان لە هیچی کەم نییە، تەنیا راکێشانی کێبڵی کارەبا نەبێت، لە دوای تەواوبوونی هۆڵەکە چەندین جار پرسە و کۆڕ و سیمینار هەبووە، بەڵام بە ناچاری لەو دوکانانەوە کارەبای بۆ راکێشراوە، کە لێیەوە نزیکن”.

964 بەدواداچوونی بۆ تێچووی ئەو کێبڵانە کرد، کە کارەبا بە هۆڵەکە دەگەیەنن، بە گوێرەی بەدواداچوونەکان چارەسەرکردنی گرفتەکە پێویستی بە کەمتر لە 150 هەزار دیناری عێراقی هەیە.

لەمبارەیەوە پەیامنێری 964 پەیوەندی بە تەها ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا کرد، بەڵام ئامادە نەبوو لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێک بدات.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی