کۆمەک بەخشی تووشبوانی شێرپەنجەیە

کچە کوردێک پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی مرۆڤدۆستی جیهانی

964+

پەرستۆ ساڵح

ئاسیا ئالزەنگینی کچە کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی جیهانی (هیومانیزم) مرۆڤدۆستی.

ئاسیا ئەلزەنگینی، خەڵکی کەرکوکە و بە هۆی کارە خێرخوازییەکانی کۆمەک بۆ تووشبوانی شێرپەنجە کۆدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەشەوە بۆ خەڵاتی هیومانیزم کە تایبەتە بە گەنجانی خۆبەخش لە بواری مرۆڤدۆستی، پاڵێوراوە و 30 رکابەریشی هەیە.

ئاسیا ئالزەنگینی تایبەت بە 964 وتی، “بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە قورسە و وەک بەدەستهێنانی جیهان وایە، ئەگەر بەدەستیشم نەهێنا، هەر سەربەرزم کە پاڵێوراوم، براوەش بم بێگومان داهاتەکەم دەبەخشمە تووشبوانی شێرپەنجە، چونکە دەزانم چ دەردێکە و کەسی خۆم بە هەمان ئازاردا تێپەرێوە”.

لە ساڵی 2023 ئاسیا ئالزەنگینی بەشی یاسای تەواوکرد، بەڵام بڕیاری دا لە بری ئاهەنگ و جلوبەرگی تایبەت، ئەو بڕە خەرجییە ببەخشێتە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی کەرکوک، هاوکات هەشت خوێندکاری دیکەش لەگەڵیدا بەشداربوون.

خەڵاتی هیومانیزیم (مرۆڤدۆستی) لە ساڵی 1953 بۆ کەسانی مرۆڤدۆست لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دامەزراوە.