ژیار بە بەهێزیەوە دەگەڕێتەوە

964+
یادگار محەمەد – سلێمانی

دوای ئەوەی تووشی پێکانێکی قورس هات، ژیار نەوزاد یاریزانی تۆپی سەرمێزی هەڵبژاردەی عێراق بە بەهێزییەوە گەڕایەوە.

ژیار نەوزاد یاریزانی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشی سلێمانی و هەڵبژاردەی عێراق و خوێندکاری کۆلیجی زانستە وەرزشییەکانی زانکۆی سلێمانی، رۆژی 24.5.2023 تووشی پێکان هات و بۆ ماوەی سێ مانگ لە یاریکردن دابڕا.

ژیار نەوزاد بە 964ـی وت، لە کاتی وانەی پراکتیکی لە زانکۆی سلێمانی تووشی پێکان هاتووە و بۆ ماوەی سێ مانگ لە یاریکردن دوورکەوتووەتەوە.

وتیشی، لە ماوەی پێکانەکەیدا لە دوو پاڵەوانێتی گرنگ دابڕاوە، بەڵام لە ئێستادا لە پێکانەکە چاکبووەتەوە و لەگەڵ یانەی سلێمانی ئامادەکاری بۆ قۆناغی دووەمی خولی عێراق دەکات.

ژیار نەوزاد لەدایکبووی ساڵی 2002ـی شاری سلێمانییە و لە ساڵی 2011ـەوە دەستیکردووە بە یاری تۆپی سەرمێز و یاری بۆ هەریەک لە یانەکانی ئاشتی و سلێمانی کردووە و ئێستاش یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە.