لە خەبات کەسێک کوژرا لەسەر راگرتنی سەیارە

964+

هێمن بەکر – هەولێر

لە قەزای خەباتی هەولێر کەسێک کوژرا یەکێکی دیکەش برینداربوو، بەهۆی راگرتنی سەیارە لە بەردەم دوکانێک.

ئەم رووداوە دەوروبەری کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە روویداوە.

رائید نەبەز مستەفا، بەڕێوەبەری پۆلیسی خەبات بە 964+ی وت، “گەنجێک ئۆتۆمبێل لە بەردەم دوکانی کەسێک رادەگرێت کە پیشەی رۆنگۆڕە، دوکاندارەکە بە شۆفێرەکە دەڵێت، ‘سەیارەکەت لێرە لاببە’ بەڵام شوفێر دەستبەجێ لای نابات و لە نێوانیان دەبێتە دەمەقاڵێ، لە ئەنجامدا، دوکاندارەکە دەمانچە دەردەهێنێت و دەستڕێژی گولـلە لە شوفێرەکە دەکات و لەوکاتەدا، خوشکەزای شۆفێرەکە لەوێ نزیک دەبێت و دێت بۆ بەرگری لە خاڵۆی، بەڵام بە دەستڕێژی رۆنگۆڕەکە دەکوژرێت”.

هەروەها وتی، خوشکەزا کوژراوەکە ناوی رێبازە و خاڵۆ بریندارەکەش ناوی فەرهادە.

بەپێی زانیارییەکان، لە پاش رووداوەکە، تۆمەتباری کوشتنەکە رایکردووە و لە ئێستادا پۆلیس بە شوێنیدا دەگەڕێت بۆ دەستگیرکردنی.