زانکۆی ئاکرێ بۆ ئەمساڵ دەوامی ئێواران دەکاتەوە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

زانکۆی ئاکرێ دەیەوێت بۆ ئەمساڵی خوێندن دەوامی ئێواران بکاتەوە و خوێندکار وەربگرێت.

ئێستا زانکۆی ئاکرێ زانکۆیەکی سەربەخۆیە و پەیوەندی بە زانکۆی دهۆکەوە نییە کە چەند ساڵێکە دەوامی خوێندنی ئێوارانی راگرتووە.

د.منهل ئیلهام، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بە 964ی وت، “پێشتر بەشێک بووین لە زانکۆی دهۆک و ئێستا سەربەخۆین بۆیە رەزامەندیمان دەربڕیوە بە کردنەوەی دەوامی ئێواران لە زانکۆکەمان”.

وتیشی، ئەوان نوسراویان بۆ وەزارەتی خویندنی باڵا ناردووە و پێشتریش وەزارەت وتوویەتی لەسەر زانکۆکە خۆی وەستاوە ئایا دەوامی ئیواران دەکەنەوە یاخود نا، بۆیە دڵنیان رەزامەندیان پێ دەدرێت و دەوامی ئێواران بۆ خوێندکارانی زانکۆی ئاکرێ بۆ ئەمساڵ دەکرێتەوە.

964 دەزانێت تاوەکو ئێستا لە زانکۆی دهۆک بڕیارەکە نەگۆڕاوە و بۆ ئەمساڵیش هیچ خوێندکارێک بۆ دەوامی ئێواران وەرناگیرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی