لۆگۆی یانەی وەرزشی دەربەندیخان. وێنە:لاپەڕەی فەرمی یانەی دەربەندیخان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.
بۆ جاری دووەم سەرۆک و دەستەی کاتی یانەی دەربەندیخان دیاریکرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دوو شەممە 28.8.2023، سەرۆک و دەستەی کاتی یانەی وەرزشی دەربەندیخان دەستیان لەکار کێشایەوە، دوای کەمتر لە هەشت کاتژمێر سەرۆک و دەستەیەکی تری کاتی دەستبەکار بوون.
لە 31.5.2023 سەرۆک و دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی دەربەندیخان دەستیان لەکار کێشایەوە، ئەمە بۆ جاری دووەمە سەرۆک و دەستەی کاتی بۆ یانەکە دادەنرێت.
وریا حوسین سەرۆکی نوێی کاتی یانەی دەربەندیخان بە 964ى وت، “دوای ئەوەی دەستەی کاتی پێشوو بەھۆی کێشەی داراییەوە ئەمڕۆ دووشەممە دەستیان لەکارکێشایەوە، لە ھەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی یانەی دەربەندیخان، وەک سەرۆکی نوێی کاتی یانەکە دەستبەکار دەبین تاوەکو ھەڵبژاردن دەکرێت”.
964 دەزانێت، لەلایەن جەمال عەلی مینا سەرۆکی پێشوی یانەی دەربەندیخانەوە بەڵێن بەم دەستەی کارگێڕی کاتییە نوێیە دراوە، لە رووی داراییەوە ھاوکاریان دەبێت بۆ ئەوەی یانەکە بەشداربن لە وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان.
پێداچونەوە: توانا نەقی