پۆستەری فێستیڤاڵی گەلان
سلێمانی بۆ ماوەی چوار رۆژ گوێ لە ئاوازی گەلان دەگرێت
964+
پەرستۆ ساڵح
بڕیارە رۆژی 8.9.2023 فێستیڤاڵی “ئاوازی گەلان” لە شانۆی رۆمانی پارکی هەواری شار لە سلێمانی دەستپێبکات و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
گۆران عەلی بەڕێوبەری فێستیڤاڵەکە بۆ 964 وتی، “هەوڵمانداوە هەموو ئەو گەلانەی مۆسیقایان لەیەکەوە نزیکە کۆبکەینەوە، کورد بە هەموو زاراوەکانەوە لەگەڵ عەرەب و تورک و فارس و ئازەری و ئەرمەنی بەشداریان کردووە، چالاکیەکان پێکهاتووە لە گۆرانی و هەڵپەرکێ”.
بە وتەی گۆران عەلی، ئەم چالاکیانە دەکرێت دەرگایەک بێت بۆ گروپە هونەرییە کوردییەکان و بانگهێشت بکرێن بۆ وڵاتانی دیکە.
وا بڕیارە لە هەر رۆژێکی فێستیڤاڵەکە سێ گروپ نمایشیان هەبێت، بەناوبانگترین ئەو کەسایەتیە هونەریانەی لە فێستیڤاڵەکە بەشدارن عەلی رەزای قوربانی لە ئێرانەوە، کچانی خوراسان، عەلی قاسمۆف و فەرغانەی کچی لە ئازەربایجانەوە.
ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن ناوەندی دیداری سلێمانی سەر بە زانکۆی سلێمانی بۆ كاروباری كولتووری و بواری مۆسیقا سازدەکرێت بە هاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و کەسایەتیە دیار و دەوڵەمەندەکانی شاری سلێمانی.