کاراتێی پێشمەرگە بۆ پاڵەوانیەتییەکی نێودەوڵەتی دەچێتە ئێران
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
تیپی کاراتێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە وڵاتی ئێران بەشداری پاڵەوانیەتییەکی نێودەوڵەتی دەکات.
لەسەر بانگهێشتی وڵاتی ئێران، تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە لەسەر ئاستی کوڕان و کچان بەشداری پاڵەوانیەتی سکای نێو دەوڵەتی دەکات.
توانا سەعید یەکێک لە راهێنەرانی تیمەکە بە 964ـی وت، هەمیشە یانەی پێشمەرگە تیمی کاراتێی بەهێزی هەبووە و یاریزانانی ئاست بەرزی پێگەیاندووە، هەربۆیە ساڵانە بانگهێشتی ئەو پاڵەوانیەتیانە دەکرێن.
وتیشی، وڵاتی ئێران وەک یەکێک لەو وڵاتە بەهێزانەی یاری کاراتێ حسابی بۆ دەکرێت و یاریزانەکانیان دەتوانن سوودێکی زۆر لەو پاڵەوانیەتییە وەربگرن، هەربۆیە ئەوان تیمێکی تۆکمە و ئاست بەرزیان لە کوڕان و کچان ئامادە کردووە تاوەکو بەشداری ئەو پاڵەوانیەتییە بکەن و چاویشیان لە ئەنجامی باشە.
پاڵەوانیەتییەکە کە بۆ ئاستی تەمەنی 14 ساڵان تا پێشکەتوانە، بڕیارە لە رۆژی 29.8 دەستپێدەکات و تا 1.9.2023 بەردەوام دەبێت، یانەی پێشمەرگەش بە تیمێکی 25 یاریزانی بەشداری لەو پاڵەوانیەتییە دەکات کە 18 یاریزانیان کوڕن و حەوت کچیش بەشدار دەبن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی