دیمەنی بەربەستەکانی بەردەم تونێلی دەربەندیخان. وێنە: سۆشیال میدیا
ویستیان ئاسنی شەقامێکی دەربەندیخان بدزن دەستگیر کران
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئاسایشی دەربەندیخان لە نزیک گوندی بیرکێ، دووکەسى دەستگیرکردووە كه سەرقاڵی دزینی بەربەستەکانی شەقامی دەربەندیخان – سلێمانی بوون، بۆئەوەی وەک ئاسن بیفرۆشنەوە.
ئەو بەربەستە ئاسنانە لە ماوەکانی رابردوو لەلایەن قایمقامیەتی دەربەندیخانەوە دانراون، بەمەبەستی پاراستنی تونێلی دەربەندیخان، بۆ رێگری لەو ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرانەی لە چوار مەتر بەرزترن.
سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت، لەکاتی بڕینەوەی ئاسنەکان ئەو دوو گەنجە لەلایەن ئاسایشی دەربەندیخانەوە پێیان زانراوە و دەستگیرکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەسەر ئەو ئامێرانەش گیراوە کە پێیان بووە بەمەبەستی بڕینیەوەی بەربەستە ئاسنینەکان، ئێستا پەڕاوی لێکوڵینەوەیان بۆکراوەتەوە و دەدرێن بە دادگا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی