وێنەی گاسیک و هەڵسەنگاندنەکەی لەسەر گوگڵ ماپ وێنە: NFP
خڕوخەپان و تووڕەیە
پشیلەیەکی کەرتی گەشتیاری شارێکی بووژاندووەتەوە
+964
ئەحمەد عەبدوڵا
گاسیک پشیلەیەکی خڕوخەپانی رەش و سپی سەر شەقامی کازسوبسکای شاری سزسزێسینی پۆڵەندایە، نازناوی ئەو پشیلەیە پاشای شەقامی کازسوبسکایە، قەڵای ئەو پاشایە کارتۆنێکی کۆنە، بەڵام هەیبەت و دەموچاوە توڕەکەی سەرنجی ئاشقانی پشیلەی سەرتاسەری جیهانی راکێشاوە.
گرێی بەختی شاری سزسزێسین ئەو کاتە کرایەوە کە ساڵی 2020 کەناڵێکی لۆکاڵی شارەکە راپۆرتێکی ڤیدیۆیی لەسەر پاشا گاسیک کرد، ئەو راپۆرتە بە خێرایی بە هەموو دنیادا بڵاوبووەوە، کار گەیشتە ئەوەی وڵاتانی دراوسێی پۆڵەندا بچنە شاری سزسزێسین و لەوێش بچنە شەقامەکەی پشیلە خڕ و خەپانەکە.
گەشتیاران شوێنی پاشا گاسیکیان خستە سەر گوگڵ ماپ و لە هەڵسەنگاندنەکان پێنج ئەستێرەیان بەو شەقامە و پشیلەکە دەدا، وای لێ هاتبوو شەقامی پشیلەکە لە قەڵا دێرینەکەی شارەکە کە تەمەنی نزیکەی 800 ساڵە، بەناوبانگتر بوو.
گاسیک چەند ساڵە لە شاری سزسزێسین کە حەوتەمین گەورەترین شاری پۆڵەندایە، نیشتەجێیە و هاوڕێی زۆرینەی خەڵکی شارەکەیە.