ئاسایشی سلێمانی: 20 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لەناو شاری سلێمانی 20 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران و 70 ملیۆن دیناری عێراقی، کە بە تۆمەتبارەکان بووە، دەستیبەسەردا گیرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 22.8.2023، عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لە چەند هەڵمەتێکدا لە سەرەتای مانگی ئابەوە تاوەکو ئێستا، 20 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

تۆمەتبارەکان خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمن، تەمەنیان لە نێوان 23 بۆ 50 ساڵیدایە و سێ لە تۆمەتباران لە رەگەزی مێن، عەقید سەلام عەبدولخالق وای وت.

لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەستگیراوە بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەر، سێ دەمانچە و 70 ملیۆن دیناری عێراقی.

تۆمەتبارەکان بەپێی مادەکانی 25، 26 و 30 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.