تۆمەتبارانی کوشتنی شۆفێری تاکسیەکەی کەرکوک دەستگیرکران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە کەرکوک دوو کەس لەسەر کوشتنی شۆفێری ئەو تاکسیە دەستگیرکران کە رۆژی سێشەممە، لەدوای سێ رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمەکەی دۆزرایەوە.

ئەمڕۆ هەینی 18.8.2023، پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، دوو کەس لەسەر کوشتنی ئەو هاوڵاتییە دەستگیرکراون و دانیان پێدا ناوە و وتوویانە، “بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە تاوانەکەیان ئەنجامداوە”.

“دوای دۆزینەوەی تەرمی شۆفێری ئەو تاکسییەی سەرەتای ئەم ھەفتەیە کوژرا، کە تەرمەکەی شوێنەواری چەقۆی پێوە دیاربووە، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک، تیمی لێکۆڵینەوەی تاوانی کەرکوک راسپارد بۆ لێکۆڵینەوە و پاش 72 کاتژمێر بکوژەکان دەستگیر کران”، پۆلیسی کەرکوک وا دەڵێت.

لە رێکەوتی 12.8.2023، شۆفێرێکی تاکسی کە خەڵکی سنووری ناحیەی سلێمان بەگ بوو، رفێندرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی لەسەر رێگای حەولی کەرکوک – بەغدا لە نزیک ناحیەی لەیلان دۆزرایەوە.