فەرمانبەرانی کارەبای گەرمیان: پارەی دنیا کۆدەکەینەوە کەچی موچەمان نادەنێ

+964

هونەر فارس – گەرمیان

فەرمانبەرانی کارەبای گەرمیان دەستیان لە دەوام هەڵگرتووە و دەڵێن تا موچەمان نەدەنێ باسی دەواممان هەر لەگەڵ مەکەن.

فەرمانبەرەکانی کارەبا هاتبوونە بەر دەرگای فەرمانگەکە، پەیامنێری 964 چوو بۆ لایان، فەرمانبەرەکان ناڕەحەت و توڕە بوون، یەکێکیان وتی ئێمە پارە بۆ حکومەت کۆدەکەینەوە، کەچی حکومەت موچەکەمان ناداتێ.

خانمێکیش کە بە شێوە زارە خانەقینەییەکەی خۆی قسەی دەکرد وتی ”من لە خانەقینەوە دێم بۆ دەوام و معاشمان نادەنێ، ئەی جلم نە گەرەکە؟ پارەی گیرفانم نە گەرەکە؟”.

فەرمانبەرەکان دەڵێن دەبێ ناومان زوو بخرێتە لیستی موچە، بۆ جارەکانی تریش ناوی وەزارەتی کارەبا لە پێشەوەی لیستەکە بێت، چونکە ئەوان لە فەرمانگە داهاتدارەکانن.

ئێوارەی پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی لیستێکی موچەی بڵاوکردەوە بۆ مانگی حوزەیرانی 2023 بەڵام بە نیوە ناچڵی، ناوی نۆ وەزارەت و شوێنی حکومەتی تیادا نەبوو.

لیستە بڵاوکراوەکە هەریەک لە خانەنشینی پێشمەرگە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، رۆشنبیری، کارەبا، خوێندنی باڵا و شارەوانی و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی تیادا نەبوو.