یاریزانی نوێی تۆپی سەرمێز لە هەولێر پێدەگەیەندرێن
+964
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
لە هۆڵێکی بچووکدا فێرگەی یاریی تۆپی سەرمێز بۆ یاریزانان لە هەولێر کرایەوە.
لە شاری هەولێر و لە بنکەی مەشقی هەولێر خولێک بۆ یاریزانانی تۆپی سەرمێز لە سەرجەم ئاستەکاندا بە سەرپەرشتی یەکێتی تۆپی سەرمێزی عێراق بۆ پێگەیاندن و پێشکەوتنی ئاستی یاریزانان کراوەتەوە و لە هەفتەیەکدا شەش رۆژ یاریزانان مەشق و راهێنانەکانی تێدا دەکەن.
محەممەد سەعدوڵا راهێنەری تۆپی سەرمێز و سەرپەرشتیاری فێرگەکە بە 964ی راگەیاند: ئامانجمان لە کردنەوەی فێرگەکە پێگەیاندنی یاریزانی نوێیە، لەگەڵ ئەو یاریزانە پێشکەوتووانەی دیکەی فێرگەکەمان دەمانەوێت ئاستیان زیاتر بەرەوپێش ببەین.
راهێنەری فێرگەکە دەڵێت: یاریزانانمان سوودێکی زۆر باشیان بینیوە، بە جۆرێک لە هەشت یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق دوو یاریزان لە فێرگەی ئێمەیە، بەشێک لە یاریزانەکانیش لە ریزی یانەکانی کوردستانن و لە خولی نایابی کوردستان و عێراقدا نازناویان بەدەستهێناوە.
زیاتر لە 15 یاریزان لە هۆڵەکەدا مەشق دەکەن و راهێنەری فێرگەکە، کە راهێنەری هەڵبژاردەی هەولێر و یانەی ئەکادیشە، دەڵێت: یاریزانی تەمەن ژێر 10 ساڵانیش لە فێرگەکەماندا هەن.
ئەم فێرگەیە فیدراسیۆنی تۆپی سەرمێزی عێراق پاڵپشتی دەکات، کە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق پێنج فێرگەی هەیە و یەکێک لەم فێرگانە لە شاری هەولێرە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا