دۆستی دوێنی و دوژمنی ئەمڕۆ

هاوڕێیەکەی خۆی کوشت

+964
کاروان ساڵحی – كه‌ركوك

گەنجێك له‌ لە قەزای داقوق هاوڕێیه‌کەی خۆی کوشت و خۆیشی بە برینداری دەستبەسەر کراوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و بە وتەی پۆلیس، پێشتر کێشەی لە نێوانیاندا هەبووه‌.

دوو گەنج دره‌نگانی شەوی رابردوو لە گوندی “سنوور”ـی سەر بە قەزای داقوق بووە به‌ شەڕیان و به‌ چەقۆ له‌ یه‌كتریان داوه‌، ئه‌مانه‌ وه‌ك ده‌وترێت هاورێی یەکترن و بەردەوام بۆ یاریی تۆپی پێ و مەلەکردن بەیەکەوە دەڕۆیشتن، به‌ڵام بەهۆی کێشەیەکی کۆنی نێوانیان یەکێکیان ئەوەی دیکەی كوشتووه‌.

عەقید عەباس ئەحمەد به‌ڕێوەبەری پۆلیسی قەزای داقوق بە 964 ی وت، ئەو دوو گەنجە هاوڕێ یەکترن و بۆ یاریی تۆپی پێ و مەلەکردن بەیەکەوە دەڕۆیشتن، هەردووکیان دانیشتووی گەڕەکی رزگاریی قەزاکەن.

وتیشی، دوێنی شەو هەردووکیان لەسەر ماتۆرسکیلێك بوونە و دواتر به‌شه‌ڕهاتوون، پێشتر کێشە لە نێوانیاندا هەبووە و ئەمشەو سەریهەڵداوەتەوە، یەکێکیان بە چەقۆ هاوڕێیه‌كه‌ی دیکەی کوشتووە، تاوانبارەکەش برینداره‌ و ئێستا بە برینداری دەستبەسەر کراوە.

پۆلیسیی داقوق هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو هاوڕێیه‌ له‌سه‌ر چی شه‌ڕیان كردووه‌ و كێشه‌ كۆنه‌كه‌یان چی بووه‌.

ئەو دوو گەنجە پێشتر یەکێکیان دانیشتووی گوندی عەلی سەرای و ئەوەی دیکەش دانیشتووی گوندی تۆپزاوە بوو، به‌ڵام چەند ساڵێکە روویانکردووه‌تە گەڕەکی رزگاری له‌ قەزای داقوق .

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا