ژمارەیەک ئاژەڵ پێنج رۆژە لە هەولێر لە ناو دوکانێک بێ نان و ئاو جێهێڵدراون
+964
شیراز عەبدوڵا
لە شەقامی بەختیاری هەولێر دوکانێکی فرۆشتنی ئاژەڵی ماڵی پێنج رۆژە خاوەنەکەی دیار نەماوەو کەس نەبووە نان و ئاو بە سەگ و پشیلەکان بدات، دوو پشیلە مردوون و هەندێ لە ئاژەڵەکان لە برساندا قاپی بەتاڵیان خواردووە.
پەیامنێری 964 لە زاری شایەتحاڵەکانەوە بیستوویەتی کە بەم گەرمایە پێنج رۆژی تەواو بووە سەگ و پشیلەکان بە برسێتی و تینوێتی جێهێڵدراون، تا دوێنێ هەندێ ئاژەڵدۆست چوون بە هانایانەوە.
یەکێک لەو ئاژەڵدۆستانە دەڵێت کە هاتووین بینیومانە دوان لە پشیلەکان لە برساندا مردوون و هەندێ لە سەگ و پشیلەکانیش هیچیان لا نەبووە قاپی بەتاڵیان خواردووە.
خاوەنی دوکانەکە دیار نییە و پەیامنێری 964 سۆراغی کرد نەیدۆزییەوە، قسەی جیاوازی گوێ لێ بوو، هەندێک وتیان بە هۆی کێشەیەکەوە هەڵهاتووە و هەندێکی تریان وتیان بە هۆی پرسەی کەسێکی نزیکیەوە چووەتە دەرەوەی کوردستان.