رۆژێک لە رۆژان چیرۆکی گۆرانی “سوێند” دەگێڕێتەوە
964+
بەشی کوردی
ئەمجارەیان رۆژێک لە رۆژان چیرۆکی گۆرانیەکتان بۆ دەگێڕێتەوە کە لەسەردەمی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی زۆری دروستکرد و گفتوگۆ و جیاوازی بیروبۆچوونی گەلێک زۆرتری بەدوای خۆیدا هێنا.
دەچینەوە گێڕانەوەی چیرۆکی گۆرانیەک کە 14 ساڵ لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، دەگەڕێینەوە سەردەمی بیرەوەری بڵاوکردنەوەی ئەلبومی (من و تۆ)ی هونەرمەند هەردی سەڵاح کە لە ساڵی 2004 بە 13 تراک بڵاویکردەوە، یەکێک لە گۆرانیەکانی ئەو ئەلبومە ناوی (سوێند) بوو، شیعری گۆرانیەکە فەرید مەخموری نوسیویەتی و هەردی سەڵاح ئاوازی بۆ داناوە.
شیعرەکە بەمجۆرە دەستیپێدەکات:
قەسەم بەتۆ بە چاوی تۆ
بەدڵداری و بە عەشقی تۆ
سوێند بە دوێنێ بە رابردوو
بە ئێستامان
بەو پەیمانەی لەشەوێکی باراناوی لە جێی ژواندا بەستمان
ئەو کاتە وا باو بوو کە هونەرمەندێک ئەلبومێکی بڵاودەکردەوە، لەگەڵیدا دیارترین گۆرانی ناو ئەلبومەکەی کلیپ دەکرد، هونەرمەند هەردی سەڵاح لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەلبومی (من و تۆ).. بەسپۆنسەری کۆمپانیای چوارچرا… لە تورکیا کلیپێکی جوانییشی بۆ گۆرانی سوێند ئەنجامدا، ئیدی وەک ئەوەی ئاگر لە پوش و پاوان بەربوبێ، زۆر بەخێرایی گۆرانیەکە لەناو خەڵک بڵاوبویەوە.
خەڵکێکی زۆر بەنوسین کاردانەوەیان هەبوو، کەسانێک هەبوون دەیانوت سەراپای گۆرانیەکە دژی ئاینە، هەندێکی دیکە دەیانوت لەسەر وتنی ئەو گۆرانیە هونەرمەند دوچاری شێوانی روخسار بووە و ناتوانێت دەرکەوێت، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی هەندێک مامۆستای ئاینی لە وتاری رۆژی هەینی باسیان کرد، هەندێک خەڵکی دیکە بەئاشکرا داوای قەدەغەکردنی گۆرانیەکەیان دەکرد، هەندێکی دیکەش هەبوون دەیانوت گۆرانیەکە وەک هەر گۆرانیەکی دیکە ئاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە، ئەو گفتوگۆیە 14 ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەیەکی زۆر خەڵکێکی زۆری سەرقاڵکرد، بەڵام ئەمڕۆ هەموو ئەو رووداوانە تەنیا بیرەوەرین و ئێمە وەک چیرۆکێک باسیان دەکەین، بەڵام ئەی چیرۆکی دواوەی نوسینی شیعرەکە چییە؟
وەک لە سەرەتا وتمان شیعری گۆرانیەکە لەلایەن فەرید مەخموری نوسراوە، ئەو شاعیرێکی گەنجی هەولێرە و ئێستا لە ئوستورالیا دەژیت، ئەو شیعرە وەک هەر شیعرێکی دی بەسەرهاتێکی لەدواوەیە و با من لێرە بۆتان باس بکەم:
رۆژێکی باراناوی زستانی هەولێرە و ساڵی 1999-یە لە نزیک یاریگای هەولێر و کچ و کوڕێکی عاشق بەیەکەوە پیاسە دەکەن.
هەردوکیان وابەستەی ئەوینێکی سەرشێتانە بوبون، بەڵێنیان دابوو هیچیان ئەویدیەکەیان جێنەهێڵێت، بەڵام سەرەتای ساڵانی 2000 خۆڵەمێشی دوای شەڕی براکوژی دڵی هەزاران گەنجی رەنجاندبوو، بێکاری گەنجێکی زۆری پەرێشان کردبوو لەو ساڵانە لە کوردستانەوە بە شەپۆل گەنجان دەڕۆیشتن بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
ئەو دوو عاشقەی بەڵێنیان دابوو بەیەکەوە بمێننەوە، بێ ئاگابوون لەوەی شەپۆلی ئەو سەردەمەی کۆچی گەنجان بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە دەرگای ئەوانیش دەدات.
هەردوکیان بەدوو ئاراستەی جیاواز، کچەکە بۆ ھەڵبژاردنی ژیانێکی نوێ بەرەو وڵاتێکی ئەوروپی رۆیشت و فەرید مەخموری شاعیریش لە سوریا دەمێنێتەوە و وەک کورد دەڵێ نێوانی ئەم دوانە ھێندەی حەوت رۆژە رێ دوورکەوتنەوە، بەمەش بەستەڵەکی دووری، ئەو گەرمیەی ئەوینی جارانی نەهێشت و هەریەکەو پەراگەندەی وڵاتێک بوون و لەسوچێکی بیرەرەوەری یەکتر چرای ئەوینیان کز سوتا.
ئەوەی مایەوە تەنیا ئەو شیعرە بوو بەناوی سوێند کە شاعیر لەسوریا بۆی نوسیبوو و دواتر کرایە گۆرانی.