مەرج بۆ کردنەوەی دوکانەکانی بازاڕی دێرینی زاخۆ دادەنرێت

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

دەستەی گەشتوگوزاری زاخۆ داوا لە دوکاندارەکانی بازاڕی دێرینی زاخۆ دەکات بەبێ ئەوەی دەستکاری هیچ شتێک بکەن دوکانەکانیان بکەنەوە.

بازاڕی دێرینی زاخۆ دەکەوێتە سەنتەری شاری زاخۆ، بازاڕێکی مێژوویی گەشتیارییە نزیکەی 150 دوکانێک دەبێت، مێژووەکەی بۆ 130 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، نزیکەی شەش مانگە کاری نۆژەنکردنەوەی دەستیپێکردووە، تا ئێستا %98 ی کارەکانی تەواوبووە، بازاڕەکە تایبەت دەبێت بە فرۆشتنی کەرەستەی کلتوری و کاری دەستی، لەوێ چایخانە و خواردنگەش هەیە.

بێوار سندی، بەرێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری زاخۆ بە 964ی راگەیاند، نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە تەواوبووە و دوکاندارەکان ئاگادارکراونەتەوە، دەستکاری لە سیما و دیکوری دوکانەکان نەکەن، داوای ئەوەشیان لێکراوە هەرچی  زووە دوکانەکانیان بکەنەوە.

بەوتەی بەڕێوەبەری گوشتوگوزاری زاخۆ، رێگە بەهیچ دوکاندارێک نادرێت بەئارەزووی خۆی ناو بۆ دوکانەکەی دابنێت، بەڵکو بۆهەر دوکانێک کۆدێک دادەنرێت، بۆئەوەی لەکاتی جێهێشتنی دوکانەکە دەستکاری هیچی نەکرێت، تەنانەت بۆ دەستکاری رووناکی دوکانەکانیش دەبێت پرس بە ئێمە بکەن.

بڕیار بوو لە نیسانی ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو بێت، بەڵام  سێ مانگ لەو وادەیە زیاتر دواکەوت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی