رێکارەکانی چاودێریکردنی سیستمی غازی LPG ماڵان هەر بەردەوامە

964+

توانا نەقی

وەرزی هاوین هاتووە و پلەکانی گەرما تا دێت بەرزتر دەبنەوە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەش لە زیادبووندایە رێکارەکانیش بۆ غازی LPG ماڵان هەر بەردەوامە.

تەقینەوەی ماڵی حاجی مەزهەر لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی و بەشە ناوخۆییەک لە شاری دهۆک لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم و سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەهۆی لێچوونی غازەوە، بووە هۆکاری راگرتنی دانانی سیستمی غاز و دواتریش دەستکرا بە رێکاری نوێ بۆ ئەو ماڵانەی غازیان هەیە.

بە قسەی ئەو لیژنانە و بەرگری شارستانی  کەبەو کارە راسپێردراون دەبێت هەموو ماڵێک کە ئەو غازە بەکار دەهێنن باجی تایبەتیان هەبێت و سەرجەم رێنماییەکان جێبەجێ بکرێت.

964+ دەزانێت، لە رێنماییەکاندا هاتووە، پێویستە سەرجەم کارگەکانی دانانی سیستمی غاز مۆڵەتپێدراو بن و هەر کەس و وەستا و دوکانێک سەربەخۆ کارەکە بکات سزا دەدرێت.

رێنماییەکان ئەوەشی تێدایە، دەبێت ئەوانەی وەک وەستای دانان لە کۆمپانیاکان کار دەکەن راهێنانیان پێ بکرێت و بڕوانامە وەربگرن، پاشان کارەکە بکەن.

رائید ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، تا ئێستا رێنماییەکان بەردەوامەو هەر ماڵێک غازی LPG هەیە دەبێت سەردانیان بەکەن بۆ دروستکردنی باج و وەرگرتنی رێنمایی تایبەت و جێبەجێ کردنی.

وتیشی، هەر ماڵێک ئەو باجەی نەبێت ئەوا ئەو ماڵە کە غازەکەی تەواو بوو کۆمپانیا بۆی پڕ ناکاتەوە، هەروەها نوسراو ئاراستەی گەشەپێدانی پیشەسازی دەکەن کە چاودێری سەرجەم ئەو سیستمانە بکەن کە ماڵان هەیانە بۆ ئەوەی بزانرێت کە تەواوی رێنماییەکانیان جێبەجێکردووە یان نا.

پێشتریش ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەو رێنمایانەی لەو بارەیەوە دەرکرابوون پەسەندی کردوو بەسەر یەکەی ئیداری شارەکاندا دابەشکرا بۆ جێبەجێکردن.