پێنجه‌مین حاجی كورد له‌ مه‌ككه‌ گیانى له‌ده‌ستدا 

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

حاجییەکی دیكه‌ى کورد لە مەککە گیانی لەدەستدا و یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانى ده‌ڵێت، هۆكاره‌كه‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما بووه‌.

ئه‌و حاجییه‌ ناوى ساڵح باقه‌ده‌م، ته‌مه‌نى زیاتر له‌ 70 ساڵه‌ و خه‌ڵكى شارى سنه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌.

خه‌سره‌و تایه‌ر موحه‌مه‌دى، كه‌سی نزیكى ئه‌و حاجییه‌ به‌ 964 وت، دره‌نگانى شه‌وى رابردوو هه‌واڵى گیان له‌ده‌ستدانى ساڵح باقه‌ده‌میان پێداون كه‌ له‌ شارى مه‌ككه‌ گیانى له‌ده‌ستداوه‌.

وتیشی “پێیانوتووین هۆكارى گیان له‌ده‌ستدانه‌كه‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما بووه‌”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه‌ حاجى ساڵح باقه‌ده‌م به‌ر له‌وه‌ى سه‌فه‌رى حه‌ج بكات، نه‌خۆشی دڵ و حاڵه‌تى ته‌نگه‌نه‌فه‌سی هه‌بووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، ئه‌وه‌ پێنجه‌مین حاڵه‌تى گیان له‌ده‌ستدانى حاجیانى كورده‌ له‌ وڵاتى سعودیه‌.

دوێنێ شه‌ممه‌ 1.7.2023 وه‌زاره‌تى ئه‌وقافى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان گیان له‌ده‌ستدانى چواره‌مین حاجی له‌و وڵاته‌ راگه‌یاند، كه‌ چواره‌میان ناوى حاجی عایشه‌ شێخ عه‌بدوڵا، لە دایکبووی ساڵی 1959 خەڵکی دەڤەری پیران سەر بەپارێزگای ھەولێر بوو، دواى سێ رۆژ له‌ ونبوونى به‌ مردوویی لە نەخۆشخانەیه‌ك دۆزرابووەوە.

ئاماژه‌ى‌ به‌وه‌ش كردبوو‌، كه‌ تیمەکانی حەجی کوردستان، سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانن، دواتر ناشتنی تەرمی کۆچکردوو لە گۆڕستانی ( شرائع) لە شاری مەککەى وڵاتى سعودیه‌.