نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ دەستیپێکرد

+964
كوردستان ئەحمەد

دەستكرا بە نۆژەنكردنەوە و درستكردنەوەی مزگەوتی كۆنی خورماڵ كە هەشت ساڵ پێش ئێستا تێكدرابوو.

بە پێی سەرچاوە مێژوویەكان سەرەتای دروستبوونی مزگەوتەکە بۆ سەدەی 18 دەگەڕێتەوە .

یەکەم خوێندنگەی حکومی لەم مزگەوتدا بووە لە ساڵی 1940دا شاکر فەتاح، بەڕێوەبەری ئەو کاتەی خورماڵ و یەکەم مامۆستای خوێندنگەکە بووە.

لە ساڵی 1999 یەك جار نۆژەنكراوەتەوە بەڵام دەستكاری دیوی دەرەوەی دەستكاری نەكرا.

ساڵی 2014 منارەكەی نۆژەنكرایەوە، بە تەواوەتی باڵەخانەی مزگەوتەكەش لە رەگ و ریشەوە دەرهێنرا بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانرا كارەكانی تەواو بكرێت.

مزگەوتەكە دەكەوێتە نزیك قەڵای خورماڵ و 600 مەتر لە ناوەندی شارەكەوە دوورە، حەوزێكی گەورەی پڕ لە ماسی و حەوشەیەكی گەورەی هەیە، چەندین دار پەڵگی گەورەی بەتەمەنی تێدایە، لە تەنیشتیشیدا ئاوی گەنجان هەیە، بوەتە سەرچاوی ئاوی شارۆچكەكە و سەرنجی گەشتیارانی بۆ خۆی راكێشاوە.

چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، بە964ی وت، جارێكی دیكە دەستدەكەنەوە بە نۆژەنكردنەوەی مزگەوەتەكە لەسەر شێوازە كۆنەكەی خۆی.

،سەرەتا 97 ملیۆن دیناری بۆ دانراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی رووكەشی مزگەوتەكە و دواتریش بڕێكی زۆرتری پارەی بۆ دابین دەكرێت چیا قاسم وادەڵێت.