حکومەت چاوەڕێی راپۆرتی دارایی 137 رێکخراوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ساڵە 137 رێکخراوی ناحکومی راپۆرتی دارایی خۆیان پێشکەش نەکردووە، لەسەر ئەوە هۆشدارییان پێداراوە ئەگەر ئەو راپۆرتە ئامادە نەکەن سزا دەدرێن.
بە پێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان، هەر رێکخراوێک لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا بێت، پێویستە ساڵانە راپۆرتی دارایی پێشکەش بکات و لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە وردبینی بۆ بکرێت.
فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان ناوی ئەو 137 رێکخراوەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “سەردانی فەرمانگە بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی تایبەت بە راپۆرتی دارایی ساڵی 2021، بەپێچەوانەوە فەرمانگەکەمان رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرێتەبەر”.
هەموو ئەو رێکخراوانەی کە داهاتی ساڵانەیان 75 ملیۆن دینارە، دەبێت راپۆراتی داراییان لەلایەن ژمێریاری یاسایی پەسەند بکرێت بەر لە پێشکەشکردنی بۆ فەرمانگە.
رێکخراوەکان دەبێت لەناو راپۆرتەکەدا روونکردنەوە بدەن سەبارەت بەو کار و چالاکییانەی کە بە خۆبەخشانە ئەنجامیانداوە و هۆکارەکان و ئاستەنگەکانی نەبوونی کار و چالاکی بخەنەڕوو.
لە ئاگادارییەکدا کە رۆژی دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان دەڵێت، بەهۆی پشووی جەژنی قوربانەوە دوا وادە بۆ وەرگرتنی راپۆرتی دارایی رێکخراوەکان بۆ رۆژی دووشەممە رێکەوتی 3.7.2023 درێژکرایەوە.