بە کارەبا و تەقەمەنی راوەماسیان کرد و دەستگیرکران
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
پێنج کەس لە ماوەت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چوون بۆ سەر چەمی “بەرد بەرد” و لەوێ بە تەزووی کارەبا و تەقەمەنی راوی ماسیان کردووە، لەسەر ئەمە هەر پێنجیان دەستگیرکراون.
هەرچەندە سێ رۆژە قەدەغەی راوەماسی هەڵگیراوە، بەڵام گرتنی ماسی بەو جۆرە قەدەغەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، سەرەڕای دەستگیرکردنی ئەو پێنج کەسە، دەستیشیانگرتووە بەسەر 70 گرام TNT، هەشت مەتر وایەر، دوو جانتا، یەک چەقۆ، یەک خێمە، یەک تۆڕ، ئۆتۆمبێلێک و یەک ماتۆڕسکیل.
قەدەغەکردنی راوی ماسی لە 5.3.2023 راگەیەندرا و لە رێکەوتی 15.6.2023 کۆتایی پێهات.
لە ماوەی قەدەغەی راوە ماسیدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 57 راوچی دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر 816 کەلوپەلی جیاوازی راودا گیراوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ وەرزی قەدەغەدەکردنی راوەماسی کۆتایی دێت.