بودجه‌ی عێراق په‌سند كرا و كورد تووڕه‌یه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 12.6.2023 دواجار و دوای چوار رۆژ كۆبوونه‌وه و گفتوگۆی چڕوپڕی په‌رله‌مانی عێراق، پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵ په‌سند كرا، به‌ڵام فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان تووڕه‌ن.
كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی كاتژمێر 05:00 كۆتاییهات و دوای مشتومڕی زۆر، پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 په‌سندكرا.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان ناڕازین، دوای ئه‌وه‌ی بڕگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، نه‌بووه ماده‌یه‌ك له یاساكه‌دا.
موسه‌ننا ئه‌مین سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه به‌وه دا، سه‌رسام بوون به‌وه‌ی زۆرینه‌ی لایه‌نه عێراقییه‌كان له بریاری ده‌نگدان به بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه په‌شیمان بوونه‌وه.
وتیشی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر بیه‌وێت یاسایه‌ك تێپه‌ڕێنێت، ده‌توانێت و ئه‌گه‌ر نه‌شیه‌وێت، كارێكی وا ده‌كات نه‌كرێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی تۆڕی 964، لایه‌نه كوردستانییه‌كان، به تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كار بۆ زیادكردن و په‌سندكردنی بڕگه‌كه ده‌كه‌ن له ناو پرۆژه‌یاساكه‌دا، پێش ئه‌وه‌ی بچێته سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئه‌مه‌ش به پشتبه‌ستن به‌وه‌ی پێیان وایه بڕگه‌كه ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام سه‌رۆكی په‌رله‌مان قبوڵی نه‌كردووه.
ده‌قی ئەو بڕگەیەی باسی گێڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان ده‌كات، پێشنیاری فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵی دادگەرییە ئەمەیە، تێیدا هاتووه “حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەرخانکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ گێڕانەوەی 12%ـی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی موچە، کە لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو بڕدراوە”.
پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بۆ سێ ساڵ، پێكهاتووه له 199 تریلیۆن دینار (153 ملیار دۆلار) به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش %12.67 دیاریكراوه، كه ده‌كاته 16 تریلیۆن دینار.
پرۆژه‌یاساكه دوای زیادكردنی هه‌مواره‌كانی، ده‌چێته سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق و له‌وێش له ماوه‌ی 15 رۆژدا پێویسته ئیمزای له‌سه‌ر بكرێت، دواتر ده‌چێته دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئه‌گه‌ر تانه‌ی له‌سه‌ر نه‌بێت، په‌سند ده‌كرێت و ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردن.