تەنیا رەزامەندی نەخشەکەی ماوە

1000 یەکە بۆ کەمئەندامانی سلێمانی دروستدەکرێت

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی سلێمانی دروستدەکرێت و سکرتێری کۆمەڵەکە دەڵێت، تەنیا رەزامەندی نەخشەکەی ماوە.

پڕۆژەکە ناوی “ژیانەوەی سلێمانی”ـیە و دەکەوێتە گەڕەکی قولەرەیسی لەناو شاری سلێمانی و تەنیا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لێی سوودمەندن دەبن.

تا ئێستا هاوشێوەی ئەو پڕۆژەیە لە هیچ پارێزگایەکی تری هەرێم نەکراوە.

سامان حسێن، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان بە 964ی وت، “مۆڵەتی پڕۆژەکە لە دواقۆناغدایە و ئەگەر دەستەی وەبەرهێنان رەزامەندی لەسەر نەخشەکە بدات راستەوخۆ دەستبەجێبەجێکردنی دەکرێت”.

بەگوێرەی ئامارەکان، پارێزگای سلێمانی نزیکەی 30 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی هەیە.

بە قسەی یەکێتی کەمئەندامان، “یەکەکان بەپێی چەند مەرج و رێنماییەک بە قیستی درێژخایەن دابەشدەکرێن و لە داهاتوویەکی نزیکدا رادەگەیەندرێن”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد