30 راهێنەری کوردستان لەسەر نوێترین تەکنیکی زۆرانبازی راهێنانیان پێدەکرێت

964+

كاروان ساڵحی – كەركوك

بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی راهێنەرانی كوردستان لە یاری زۆرانبازی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە شاری كەركوك خولێكی مەشق و راهێنان بۆ راهێنەرانی كوردستان لە یاری زۆرانبازی بەرێوە دەچێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 6.6.2023، لە هۆڵی زۆرانبازی یانەی وەرزشی سەورە لەژێر چاودێری لیژنەی ئۆڵۆمی كوردستان و بەسەرپەرشتی یەكێتی ناوەندی زۆرانبازی كوردستان خولێكی راهێنان بۆ راهێنەرانی كەركوك و كوردستان لە یاری زۆرانبازی دەستیپێكرد.

خولەکە لەلایەن وانەبێژی نێودەوڵەتی ئێرانی دكتۆر شەهرام ئەلیاس دەوترێتەوە سێ رۆژ دەخایەنێت.

شەوقی فەرەج، جێگری سەرۆكی سەرۆكی یەكێتی زۆرانبازی كوردستان بە 964ی وت، لەو خولەدا زیاتر لە 30 راهێنەری كوردستان لە هەر چوار پارێزگای هەولێر و سلێمانی و كەركوك و دهۆك بەشداریان تێداكردووە بە شێوەی تیۆری و پراكتیكی بۆ ماوەی سێ رۆژ بەرێوە دەچێت تێیدا باس لە نوێترین یاسا و رێساكانی ئەو یاریە دەكرێت.

دكتۆر شەهرام ئەلیاسی، بە 964ی وت، ساڵی 2010 دەستیكردووە بە بواری راهێنان و ساڵی 2012 بووە بە راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی ئێران، دواتریش راهێنەری هەڵبژاردەی پێشكەوتووانی ئازەربێجان کردووە.

شەهرام ئەلیاسی، ئەو راهێنەر و پسپۆڕەیە کە كار و پلانی یاری زۆرانبازی بۆ وڵاتەکەی نووسیوەتەوە، هەروەها چەندین میدالیای زێر و زیو برۆنزی لەگەڵ ئەو هەڵبژاردانە بەدەستهێناوە كە راهێنەرایەتی بۆ کردووەن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق