400 منداڵی کەمپی پەنابەران تێر یاریی کران
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
ئەمرۆ یەکشەممە کارگێڕی پارکی گەورەی قەزای بەردەڕەش بە هەماهەنگی لەگەڵ کەمپی پەنابەرانی قەزای بەردەڕەش و هاوکاری رێکخراوێکی خێرخوازی، زیاتر لە 400 منداڵی کەمپی ئاوارەکانی هێناوەتە نێو پارکەکە بە خۆرایی چەندین یارییان پێکراو چالاکی جۆراو جۆریان ئەنجامدا.
چالاک خدر، بەڕێوەبەری پارکی گەورەی بەردەڕەش بە 964ی وت، بۆنەی رۆژی جیهانی مناڵان بڕیاریانداوە منداڵەکانی نێو کەمپی بەردەڕەش جەوێکی خۆشیان بۆ بڕەخسێنن و کاتێکی خۆش بەسەر بەرن لەنێو پارکەکە کەوا چەندین ساڵە ئەم مناڵانە لە خۆشی و دەرچوون لە کەمپەکان بێ بەشن.
وتیشی، بۆیە ئیمە بریارماندا منداڵەکان کە ژمارەیان زیاتر لە 400 مناڵ بوون بهێنین بۆ شاری یاری لە پارکی بەردەڕەش و کاتێکی خۆش و جیاوازیان بۆ فەراهەم بکەین.
ئەوەشی وت، منداڵ هەر خولیا و ئارەزووی یاریکردنە و منداڵەکانی کەمپی پەنابەران بێ بەشن لەو یاریکردنە، چونکە هیچ کام لەم یاریانە لە کەمپەکان نیین بۆیە ئەمرۆ دوای پێدانی خواردن و پێشکەشکردنی سەرجەم یاریەکانی نێو پارکەکە بە خۆڕایی دواتر گەڕێندرانەوە بۆ کەمپەکان و شوێنی خۆیان.
لە سنوری قەزای بەردەڕەش دوو کەمپی ئاوارەکان هەیە ئەوانیش بریتین لە کەمپی بەردەڕەش، کەمپی گەویلان، ژمارەی سەرجەم ئاوارەکان لەو دوو کەمپەدا 12 هەزار و 200 کەسە و زۆرینەیان ئاوارەی رۆژئاوای کوردستانن .
پێداچوونەوە: توانا نەقی